تورکیا سیستەمێکی ڕاداری پێشکەوتوو لەدیمەشق جێگیردەکات

جیهان

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 633 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی کەناڵی I24 NEWS ی عیبری، پێشهاتێکی نوێ نیگەرانکەر بۆ ئیسرائیل هاتوەتەپێش، ئەویش جێگیرکردنی سیستەمێکی ڕاداری پێشکەوتووی تورکییە لە فڕۆکەخانەی دیمەشق.

راپۆرتەکە دەڵێت، ئەم هەنگاوەی تورکیا کە لە ڕێگەی ڕاداری HTRS-100ی کۆمپانیای ئەسێلسانەوە ئەنجام دراوە، بەپێی وتەی نوح یەڵماز باڵیۆزی تورکیا لە سووریا، وەک پەرەپێدانی ژێرخانی فڕۆکەوانیی پایتەخت دەبینرێت.

ئەم ڕادارە توانای ناسینەوە و شوێنکەوتنی وردی ئامانجە ئاسمانییەکانی هەیە لە مەودای 150 بۆ 200 کیلۆمەتردا، ئەمەش مەترسییەکی جدییە بۆ سەر ئازادیی جووڵەی فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل لە ئاسمانی سووریادا.

سەرچاوە هەواڵگرییە ڕۆژئاواییەکان پێشتر هۆشدارییان دابوو کە جێگیرکردنی ئەم جۆرە سیستەمانە دەبێتە هۆی سنووردارکردنی چالاکییە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل، بەتایبەت کە تەلئەبیب ئاسمانی سووریا بۆ لێدانی ئامانجەکانی لە وڵاتانی تر وەک ئێران بەکار دەهێنێت.

ئیسرائیل ساڵی ڕابردوو و دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد، هێرشی کردە سەر چەندین بنکەی سەربازیی و ئاسمانیی سووریا، تەنها بۆ ڕێگریکردن لەوەی تورکیا بنکەی هەمیشەیی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لەوێ جێگیر بکات.

بەرپرسە ئەمنییەکانی ئیسرائیل ڕایانگەیاندووە کە هەر بنکەیەکی ئاسمانیی تورکی لە سووریا بە هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ دەبینن و هێرشەکانیان پەیامێک بووە بۆ پاراستنی هەژموونی ئاسمانیی خۆیان.
چاودێرانیش دەڵێن ئەم ڕادارە نوێیە تەنها ئامێرێکی تەکنیکی نییە، بەڵکو گۆڕانکارییەکی ستراتیژییە لە هاوسەنگی هێز لە باکووری ئیسرائیل.


ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی