شارپرێس:
سوپای عێراق ڕایگەیاند، بەغدا بەشی یەکەمی چەکدارە زیندانیکراوەکانی داعش وەرگرتووە کە پێکهاتووە لە ١٥٠ ئەندامی داعش کە لە زیندانەکانی ناوخۆی سوریا ڕاگیراون.
واشنتۆن دووپاتی کردەوە کە گواستنەوەی دەستگیرکراوان بۆ عێراق لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا ئەنجام دەدرێت.
لەو چوارچێوەیەدا، سەرۆکی ئەرکانی سوپای عێراق ڕۆژی پێنجشەممە ناوچە سنوورییەکانی لەگەڵ سوریا بەسەرکردەوە، لە سەردانێکدا کە ڕۆژێک دوای پێشوازیکردنی بەغدا هات لە کۆمەلێک لە دیلەکانی داعش کە لە زیندانەکانی هەسەدە دەستبەسەر کرابوون.
هاوکات وەزارەتی بەرگری عێراق لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوەکردووە، عەبدولئەمیر ڕەشید یاروڵڵا سەرۆکی ئەرکانی سوپای عێراق بە یاوەری شاندێکی باڵای سەربازی گەیشتووەتە قەزای شەنگال، بۆ چاودێریکردنی ئامادەکارییە ئەمنییەکان و پێداچوونەوە بە دوایین پێشهاتەکان و پشکنین بۆ ئەو یەکە سەربازییانەی کە بەدرێژایی سنوورەکان لەگەڵ سووریا جێگیرکراون.
سەردانەکە لە کاتێکدایە کە گرژییە ئەمنییەکان لە چەند ناوچەیەکی باکوری سوریا پەرەدەسەنن، کە پێکدادان لەنێوان هێزەکانی حکومەتی سوریا و عەشیرەتە خۆجێییەکان لە لایەک و هێزەکانی هێزەکانی هەسەدە لە لایەکی دیکە ڕوودەدات، ئەمەش لەکاتێکدایە کە نیگەرانییەکانی عێراق لە ئەگەری دزەکردنی چەکدارەکان لەودیو سنوورەکانەوەیە.
