شارپرێس:
دەم پارتی داوای کۆتایی هێنان بە پەرەسەندنی سەربازی و ئاشتی لە باکوری سوریا دەکات.
شاندی دەم پارتی ڕۆژی پێنجشەممە لە میانەی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا کە لە قامیشلۆ بەڕێوەچوو، داوای ڕاگرتنی هێرشەکان بۆ سەر ناوچە کوردییەکانی کرد.
لە بەیاننامەیەکدا حزبەکە ئاماژەی بەوەکردووە، "مەبەست لە سەردانەکەمان پاڵپشتیکردنی شارە کوردییەکانە بەهۆی ئەو شەڕەی لە ناوچەکە ڕوودەدات و هیوادارین بە زووترین کات کۆتایی پێبێت".
لە درێژەی بەیاننامەکەدا هاتووە سوریا شاهیدی کۆمەڵکوژی بەرفراوان بوو، ئەمڕۆش دەبینین هەمان سیناریۆ لە باکوری سوریا دووبارە دەبێتەوە، سوریا وڵاتێکی دەوڵەمەندە بە ئایین و نەتەوە و مەزهەب و کولتوور و هیوادارین هەمووان بە یەکسانی پێکەوە بژین.
ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئێستا قۆناغێکی شەڕ بەسەر دەبەین و ئەمەش قۆناغێکی زۆر مەترسیدارە، بەداخەوە وڵاتانی دەرەوە بەبێ دەستوەردان و هیچ هەنگاوێک چاودێری دەکەن".
پارتەکە هەروەها ڕایگەیاندووە، "ئیدارەی ناوچەکە بە هیچ شێوەیەک شەڕی ناوێت. لە ئێستادا دەستپێشخەریی ئاشتی ئەنجام دەدات و کار بۆ دامەزراندنی سیستەمێکی دیموکراسی دەکات. ئارەزووی ئاشتەوایی و یەکسانی لە نێوان گەلان دەکات و بەدوای دیالۆگدا دەگەڕێت".
ئاماژەی بەوەشکرد، ئیدارەی خۆسەر ئێستا سەرقاڵی گفتوگۆیە بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ، ئەوان نایانەوێت شەڕ لەنێوان عەرەب و کورد لە سوریا ڕووبدات و هەوڵدەدەن بۆ ئاشتی و ئاشتەوایی.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا داوای لە حکومەتی سوریا کردووە شەڕ و هێرشە بەردەوامەکانی شارەکانی باکوری سوریا ڕابگرێت.
