سویسرا.. پایتەختی ڕێککەوتنە مەحاڵەکان‌و پردی نێوان تاران‌و واشنتۆن

جیهان

14 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2818 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بۆچی ئێران‌و ئەمریکا سویسرا هەڵدەبژێرن بۆ بەڕێوەبردنی ڕوبەڕوبوونەوە ساردەکانیان؟ لەنێوان ساڵانی 2013 بۆ 2015، سویسرا ڕۆڵێكى دیپلۆماسیی یەکلاکەرەوەی گێڕاو بوو بەپردێک بۆ گۆڕینەوەی بەڵگەنامەو پێشنیازەکان لەوکاتەی پەیوەندیی ڕاستەوخۆی نێوان واشنتۆن‌و تاران زۆر سنورداربوو.


ئەمڕۆش لەشاری ژنێف، گەڕی دوەمی دانوستانە ناڕاستەوخۆکان لەژێر سێبەری گرژییە هەرێمییە بێپێشینەکاندا بەڕێوەدەچێت، کە مەترسیی هەڵگیرسانی جەنگێکی خوێناویی لێدەکرێت، هەرچەندە ئەم وتووێژانە بەنێوەندگیریی عومان ئەنجامدەدرێن، بەڵام هەڵبژاردنی ژنێف دوبارە ڕۆڵى مێژویی سویسرا وەک خاڵی بەیەکگەیشتنی دوو نەیارە سەرسەختەکە دەخاتەوە بەرچاو.

سویسرا خاوەنی میراتێکی دەوڵەمەندە لەبێلایەنی‌و "دیپلۆماسیی نەرم"، لەکاتی جەنگی جیهانیی دوەمدا، ئەو وڵاتە پەنجەرەیەکی دیپلۆماسی بوو کە نوێنەرایەتیی بەرژەوەندییەکانی زیاتر لە 200 دەوڵەتی دەکرد، بەڵام پرسیارە گرنگەکە ئەوەیە، ئەم وڵاتە بچوکە چۆن بوو بەناونیشانی سەرەکیی دیدارەکانی نێوان تاران‌و واشنتۆن لەدوای پچڕانی پەیوەندییەکانیان لەساڵی 1979وه‌؟

دوای نۆ مانگ لەشۆڕشی ئێران، خوێندکارانی ئێرانی هەڵیانکوتایەسەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لەتاران‌و 66 کەسیان بەبارمتەگرت، ئەمریکا بەبڕینی پەیوەندییەکان‌و سەپاندنی سزای نەوتی‌و بلۆککردنی دارایی ئێران وەڵامیدایەوە.

لەوساتەدا، واشنتۆن لەتشرینی دوەمی هەمان ساڵدا پەنای بۆ سویسرا برد تا پارێزگاری لەبەرژەوەندییەکانی لەئێران بکات، لەماوەی 444 ڕۆژی قەیرانی بارمتەکاندا، دیپلۆماتە سویسرییەکان هەوڵێکی زۆریاندا بۆ نێوەندگیریی‌و دواجار بەهاوکاریی جەزائیر ڕێککەوتنی ئازادکردنی بارمتەکان واژۆکرا.

دوای ئەوە، هەرچەندە سزاکانی ئەمریکاو نەتەوەیەکگرتوەکان‌و یەکێتیی ئەوروپا بۆسەر ئێران بەردەوامبون، سویسرا دەوری خۆی وەک "پۆستەچییەک" لەنێوان هەردولا پاراست. فیلێپ فێڵتی باڵیۆزی پێشوی سویسرا لەئێران دەڵێت، سزاکان بوبونە تەوەری سەرەکیی پەیوەندییەکان.

ڕۆڵى سویسرا تەنها گواستنەوەی نامە نەبوو، بەڵکو نوێنەرایەتیکردنی بەرژەوەندییەکانیشی دەگرتەوە، بۆ نمونە لەساڵی 1979 ئێران ئەرکی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی لەقاهیرە بەسویسرا سپارد، دوای ئەوەی میسر ڕێککەوتنی کامپ دەیڤیدی لەگەڵ ئیسرائیل واژۆکرد.

چاودێران پێیانوایە، مامەڵەی سویسرا لەگەڵ ئێران لەسەر دوو تەوەر بوە: بەرژەوەندیی بازرگانیی‌و ئەرکە دیپلۆماسییە تایبەتەکان، تێکەڵکردنی ئەم دوو لایەنە وایکرد تاران متمانەی تەواوی بەسویسرا هەبێت‌و وەک کەناڵێکی جێی متمانە بیبینێت، ئەم هاوبەشییە دواتر پەرەیسەندو سویسرا پشتگیریی ئێرانی کرد بۆ چونە ناو ڕێکخراوی بازرگانیی جیهانی لەساڵی 2016.

لەنێوان ساڵانی 2013 بۆ 2015، شاری لۆزان میوانداریی دانوستانە بەراییە ئەتۆمییەکانی کرد کە بوە هۆی گەیشتن بەو ڕێککەوتنەی لەڤیەنا واژۆکرا. تەنانەت دوای کشانەوەی دۆناڵد ترەمپ لەڕێککەوتنەکە، ژنێف دوبارە بوەوە بەشوێنی دیدارە ناڕەسمییەکان بۆ پاراستنی کەناڵی پەیوەندیی لەگەڵ تاران.

لەکاتی گرژییەکانی کەنداوو دوای کوژرانی قاسم سوله‌یمانى لەساڵی 2020، سویسرا میوانداریی کۆبونەوەیه‌كى نهێنیی کرد بۆ ڕێگریی لەپێکدادانی سەربازیی ڕاستەوخۆ، ئەمڕۆش هەڵبژاردنی ژنێف تەنها هەڵبژاردنی شوێنێکی جوگرافی نییە، بەڵکو بەرهەمی دەیان ساڵ متمانەیە  کە لەدیپلۆماسیدا بە"ڕێگه‌ سویسرییەکان" ناسراوە.

بەپەلە