شارپرێس:
بەرپرسێکی باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران زانیارییهكى گرنگ لهبارهى ڕێكهوتنى نێوانیان لهگهڵ واشنتۆن ڕادهگهیهنێتو دهڵێت، "تارانو واشنتۆن سەرقاڵی ئامادەکاریین بۆ ئەنجامدانی خولێکی نوێی دانوستانە ناڕاستەوخۆکان لەسەرەتای مانگی ئاداری داهاتودا"، دهشڵێت، "دەرفەت هەیە بۆ گەیشتن بەڕێککەوتنێکی کاتیی لەنێوان هەردولادا".
ئەو بەرپرسە ئێرانییە بهمهرجى ئاشكرانهكردنى ناوهكهى زانیاریى بهئاژانسى ڕۆیتهرز ڕاگهیاندوهو وتویهتى، "هەرچەندە هەوڵەکان بەردەوامن، بەڵام هێشتا هەردولا جیاوازی دیدوبۆچونی قووڵیان هەیە سەبارەت بەمەوداو میکانیزمی هەڵگرتنی سزاکان، دەبێت مافی ئێران بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم لەچوارچێوەی پەیماننامەی قەدەغەکردنی چەکی ئەتۆمیدا (NPT) بەفەرمی بناسرێت".
سەبارەت بەسامانی سروشتیش، ئەو بەرپرسە باڵایە جەختیکردوهتهوه، وڵاتەکەی بەهیچ شێوەیەک کۆنترۆڵی سەرچاوە نەوتیو کانزاییەکانی خۆی ڕادەستی ئەمریکا ناکات، بەڵام دەرگای بۆ کۆمپانیا ئەمریکییەکان واڵادهكات، وهكو ئهو وتویهتى، "کۆمپانیا ئەمریکییەکان دەتوانن وەک بەڵێندەر لەکێڵگە نەوتیو غازییەکانی ئێراندا بەشداریى بکەن".
ئەو لێدوانانە لەکاتێکدان، پێشتر دوو خولی دانوستانی ناڕاستەوخۆ لەشارەکانی مەسقەتى عوممانو ژنێف-ى سویسرا ئەنجامدراون، ئەم جوڵە دیپلۆماسییانە لەنێوەندی گرژییە سەربازییەکانی ناوچەکەو زیادبونی ئامادەیی سوپای ئەمریکا دێن، لەبەرامبەریشدا تاران سورە لەسەر پاراستنی ئەوەی کە بە"مافە ئەتۆمییە ڕەواکانی" خۆی ناوی دەبات.
بهوتهى بهرپرسه باڵا ئێرانیهكه، کاتی کۆبونەوەكه سەرەتای مانگی ئادارى ئهمساڵ واته مانگى داهاتوو دهبێت، ئامانجیش لێى، گەیشتنه بەڕێککەوتنێکی کاتیی بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان، ئهوهشى تائێستا ڕێگره لهڕێكهوتن، شێوازی هەڵگرتنی سزاکانی ئەمریکاو داننانه بەمافی پیتاندنی یۆرانیۆم.
