شارپرێس:
وەزارەتی کارەبای عێراق ئامادەکارییەکانی بۆ ناردنی شاندێکی تەکنیکی بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران ڕاگەیاند، لەكاتێكدا لەمڕۆوە ئێران بەتەواوی گازی وڵاتەكەی لەعێراق گرتوەتەوە.
ئەحمەد موسا وتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق بەڕۆژنامەی سەباحی حکومی بڵاوی کردوەتەوە، ڕایگەیاندوە، وەستانی هەناردەی گاز ئێرانی لەم دواییانەدا بوەتە هۆی لەدەستدانی زیاتر لە 5500 مێگاوات کارەبا، ئەمەش کاریگەری ڕاستەوخۆی کردوەتە سەر ئەو وێستگانەی کە بۆ کارکردن پشت بەگاز هاوردەکراو دەبەستن.
وتەبێژەکە ئاماژەی بەوەشکردوە،" لەئێستادا وێستگەکانی دیکە بەتەواوی توانای بەرهەمهێنانیانەوە کار دەکەن و هاوکات کارەکانی چاککردنەوە و فراوانکردن بۆ ئامادەکاری وەرزی هاوین بەردەوامن".
سەبارەت بەدۆخی ئێستای دابەشکردنی کارەبا، وەزارەتی کارەبا ڕایگەیاندوە، بەهۆی مامناوەندی پلەکانی گەرماوە توانیویانە کۆنتڕۆڵی بارگرانیی سەر تۆڕەکە بکەن و کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا رێکبخەن، بەڵام هۆشداریشی دا کە هەر بەرزبوونەوە یان دابەزینێکی توندی پلەکانی گەرما، کاریگەری خێرای لەسەر زیادبوونی خواست دەبێت و پێویستی بەکارپێکردنی وێستگەکان بەتەواوی توانایان دەبێت.
بەگوێرەی قسەکانی وتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق، بڕیارە شاندەکەی وەزارەتی کارەبا لەتاران لەگەڵ بەرپرسانی پەیوەندیدار کۆببنەوە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی گاز، تاوەکو وێستگە پەککەوتووەکان بگەڕێنەوە سەر هێڵ و کێشەی کەمیی کارەبا لەپارێزگاکاندا چارەسەر ببێت.
