شارپرێس:
كەتیبەکانی عێراق سەرجەم هێزەكانی خستە حاڵەتی ئامادەباشییەوەو داوا لەچەکدارەکانی دەکات خۆیان بۆ جەنگێکی پڕوکێنەر ئامادە بکەن، هۆشداریش دەداتە هەرێمی کوردستان و دەڵێت،" هەر هاوکاریکردنێكی هێزە بیانییە نەیارەکان وەڵامی ڕایتەوخۆی دەبێت".
فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی کەتیبەکانی حزبوڵای عێراق لەڕاگەیەنراوێکدا ڕایگەیاندوە، لەسەروبەندی هەڕەشەکانی ئەمریکاو لەشکرکێشییەکان کە ئاماژەن بۆ پەرەسندنێکی مەترسیدار لەناوچەکەدا، بەپێویستی دەزانێت هەموو چەکدارەکانی ئامادەبن بۆ جەنگێکی پڕوکێنەر کە ئەگەری هەیە درێژخایەن بێت و بەوتەی ئەو هێزە، لەسەروی پێشبینییەکانی ئەمریکاوە دەبێت.
کەتیبەکانی حزبوڵای عێراق ڕایگەیاندوە، ئەگەر ئەمریکا جەنگ لەناوچەکە بەرپا بکات، خۆی لەبەردەم زیانی بێشومار دەبینێتەوە کە بەوتەی ئەوان ناتوانێت رابگیرێت و قەرەبوو بکرێتەوە.
هاوكات، کەتیبەکانی حزبوڵای عێراق کە یەکێکە لەگروپە چەکدارەکانی نزیک لەکۆماری ئیسلامیی ئێران، هۆشداری دەداتە حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەهاوکاریکردنی هێزە بیانییە نەیارەکان ناوی بردوەو دەڵێت،"ئەوە قورسایی زیاتر دەخاتە سەریان کە هەڕەشە دەبێت بۆ سەر ئاسایش و داهاتویان و جەختیش دەكاتەوە، لەئەگەری بەردەوامیدا وەڵامی ڕاستەوخۆیان دەبێت".
