ڕاپۆرتە هەواڵگرییەکانی ئەمریکا بانگەشەیەکی ترەمپ لەبارەی ئێران بەدرۆ دەخەنەوە

جیهان

7 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 712 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئاژانسی ڕۆیتەرز لەسەر زاری سێ سەرچاوەی ئاگادارەوە بڵاوی کردۆتەوە کە ڕاپۆرتە هەواڵگرییەکانی ئەمریکا پشتگیری لەبانگەشەکانی دۆناڵد ترەمپ ناکەن سەبارەت بەوەی ئێران لە ئایندەیەکی نزیکدا دەبێتە خاوەنی مووشەکێک کە بتوانێت خاکەکەیان بکاتە ئامانج. 


بەپێی ئەو سەرچاوانە، هەڵسەنگاندنی ئاژانسی هەواڵگریی سەربازیی ئەمریکا بۆ ساڵی 2025 هیچ گۆڕانکارییەکی بەسەردا نەهاتووە و ئاماژە بەوە دەکات کە تاران پێویستی بە کاتە تا ساڵی 2035 بۆ پەرەپێدانی مووشەکێکی کیشوەربڕی کارا.

 تەنانەت ئەگەر هاوکاری تەکنیکی لە هاوپەیمانەکانیشی وەربگرێت، لانی کەم 8 ساڵی تری پێویستە بۆ بەرهەمهێنانی سیستمێکی مووشەکیی کیشوەربڕی ئامادە بۆ کارکردن.

لەلایەکی ترەوە، کۆشکی سپی بەرگریی لە لێدوانەکانی ترەمپ کرد و ئانا کێلی وتەبێژی کۆشکی سپی ڕایگەیاند کە سەرۆک مافی خۆیەتی نیگەرانییە قووڵەکانی بەرامبەر تەماحە مووشەکییەکانی ئێران دەرببڕێت. 

مارکۆ ڕوبیۆ وەزیری دەرەوەش بە تۆنێکی نەرمتر ئاماژەی بەوە کرد کە تاران لەسەر ڕێڕەوی بەدەستهێنانی ئەو چەکانەیە، بێ ئەوەی جەخت لە ئامادەیی دەستبەجێیان بکاتەوە.
 ئەمە لە کاتێکدایە ترەمپ لە وتاری ساڵانەیدا باسی لەوە کردبوو کە ئێران خەریکی پەرەپێدانی مووشەکێکە "بەم زووانە" دەگاتە ئەمریکا، ئەمەش وەک زەمینەسازییەک بۆ هێرشی ئەگەری لێکدرایەوە.

لەبەرامبەردا، عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران دووپاتی کردەوە کە مەودای مووشەکەکانیان لە 2000 کیلۆمەتر تێپەڕ ناکات و تەنیا بۆ بەرگرییە.

شارەزایانی وەک دەیڤید ئۆلبرایتیش دەڵێن ئێران هێشتا تەکنەلۆژیای پاراستنی کڵاوەی جەنگی لە کاتی گەڕانەوە بۆ ناو بەرگەهەوای زەوی بەدەست نەهێناوە.
ئەم ناکۆکییە هەواڵگرییانە لەکاتێکدایە کە ناوچەکە ئاڵۆزییەکی بێوێنەی بەخۆوە بینیوە و ئەمریکا هێزەکانی لەناوچەکەدا زیاد کردوە.