شارپرێس:
نوسینگەی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، ئەم تۆم باراک، نێردەی سەرۆکی ئەمریکا لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆبوەتەوەو دەشڵێت،"دیدگای سەرۆکی ئەمریکا گەیەنرایە سەرۆک وەزیرانی عێراق و بەڕونی پەیامێكی بۆ سودانی ناردوە".
نوسینگەی سودانی لەبارەی کۆبونەوەی ئەمڕۆی نێوانیان دەڵێت "دۆخی گشتی و پێشهاتەکانی ناوچەکە تاوتوێ کران، بەتایبەتی گرنگیی پاراستن و دورخستنەوەی عێراق لەلێکەوتەی قەیرانەکان".
ئاماژە بەوەشدراوە، نێردەی ئەمریکا دیدگاو بۆچونی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکای سەبارەت بەدۆخی هەنوکەیی ناوچەکە گەیاندە سودانی، کە تێیدا جەخت لەڕۆڵی گرنگ و سەنتەریی عێراق کراوەتەوە لەبنیاتنانی سەقامگیری و گەشەپێدانی هەرێمایەتیدا.
هەروەها، باس لەڕێگەچارەی کێشەکانی ناوچەکە کراو هەردولا جەختیان لەگرنگیی پەنابردن بۆ گفتوگۆ و کەناڵە دیپلۆماسییەکان و دورکەوتنەوە لەگرژی و ئاڵۆزی کردەوە، هەروەها گەشەپێدانی ئابورییان بەڕێگەیەکی کاریگەر بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان و چەسپاندنی سەقامگیریی بەردەوام وەسف کرد.