ئەسعەد شەیبانی: دەربارەی گرژییەکانی ناوچەکە قسەم لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی کرد

کوردستان

5 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1287 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
وەزیری دەرەوەی سوریا، زنجیرەیەک پەیوەندیی تەلەفۆنی لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ناوچەکەو نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەنجامدا.

ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا پەیوەندیی تەلەفۆنیی لەگەڵ هەر یەکە لەوەزیرانی دەرەوەی، سعودیە، قەتەر، تورکیا، بەحرەین، کوێت، ئورن، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی بەریتانیا و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەنجام دا."
 
بەپێی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی دەرەوەی سوریا، لەو پەیوەندییانەدا دوایین پەرەسەندنەکانی ئاڵۆزیی نێوان ئێران و ئیسرائیل و لێکەوتەکانی لەسەر ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە تاوتوێ کراون. هەروەها باس لە دۆخی ئەو وڵاتانە کراوە کە بەهۆی هێرشە موشەکییەکانەوە زیانیان بەرکەوتوە.
 
هەر لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییانەدا، وەزیری دەرەوەی سوریا جەختی لە گرنگیی بەهێزکردنی هاوئاهەنگیی هەرێمی و نێودەوڵەتی کردوەتەوە بۆ کۆنترۆڵکردنی قەیرانەکە و پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە.
 
بەگوێرەی وەزارەتی دەرەوەی سوریا، ئەسعەد شەیبانی ''هەڵوێستی جێگیر''ی سووریای دووپات کردووەتەوە لە وەستانەوە لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی و سەرکۆنەکردنی ئەو "هێرشە ئاشکرایانەی" کراونەتە سەریان، هەروەها رایگەیاندووە کە دیمەشق هەر جۆرە پێشێلکارییەک بۆ سەر سەروەری و ئاسایشی وڵاتانی ناوچەکە لڕەتدەکاتەوە.
 
وەزیری دەرەوەی سوریا جەختی لە پێویستیی چڕکردنەوەی هەوڵە دیپلۆماسییەکان کردووەتەوە بۆ پاراستنی سەقامگیریی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دورخستنەوەی گەلانی ناوچەکە لە مەترسییەکانی شەڕ.