ئێران لەبارەی هێرشی بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ ڕونكردنەوە دەدات

جیهان

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 3163 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دڵنیایی دەدات و دەڵێت، هێرش ناکەنە سەر وڵاتانی دراوسێ و  جەخت دەكاتەوە، كە هێرشەکان تەنیا ئەو بەشە لەخاکی وڵاتان دەگرێتەوە کە بنکەی سەربازی و بەرژوەندییەکانی ئەمریکایان تێدان.


ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لەبارەی جەنگی وڵاتەکەی لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل هۆشداری دایە وڵاتانی ناوچەکەو وتی،''بەگوێرەی یاسا نێودەوڵەتییەکان، هەر جۆرە هاوکاری و بەشداریکردن لەکردەوەیەکی دەستدرێژیکارانە بۆ سەر ئێران، دەبێتە هۆی بەرپرسیاربوونی ئەو وڵاتانەش.''
 
تاوەکو ئێستا لەوەڵامی هێرشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا، ئێران چەندین پێگەی سەربازی ئەمریکای لە وڵاتانی ناوچەکە کردوەتە ئامانج، بەعێراق و هەرێمی كوردستانیشەوە،  ئیسماعیل بەقایی جەختی لەوەکردەوە،''ئێمە هیچ هێرشێک ناکەینە سەر هیچ وڵاتێکی دراوسێ، بەڵام ئەوەی کەڕویداوە، بەرگریکردنمانە لەبەرامبەر دەستدرێژیی سەربازیی ئەمریکا.".
 
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت، ئەمریکا بنکە سەربازییەکانی لەخاکی وڵاتاندا بۆ هێرشکردنە سەر ئێران بەکاردەهێنێت، ''کەواتە ئەو بەشە وەک خاکی وڵاتانی دراوسێ هەژمار ناکرێ، چونکە لەژێر دەسەڵات و خاوەندارێتیی ئەمریکادایە و خەریکە دژی ئێمە بەکاریاندەهێنێت''.
 
ئیسماعیل بەقایی ئەوەشی خستەڕو،''هەڵوێستی بەرگریکارانەی ئێران دژی هیچ وڵاتێکی ناوچەکە نابێ، بەڵکو ئێمە وەک رابردوو دەستی دۆستیمان بۆ هەموو وڵاتانی دراوسێ درێژ دەکەین".