ژوری بازرگانی سلێمانی دڵنیایی دەداتە هاوڵاتیان

کوردستان

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 275 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ژوری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی دڵنیایی بەهاوڵاتیان دەدات و دەڵێت، "دڵنیایی تەواو بەهاوڵاتییان دەدەین کە هیچ کێشەیەک لەدابینکردنی خۆراک و کاڵاکانی پێویستی ڕۆژانەدا نییەو هەموو جۆرەکانی خواردەمەنی و پێداویستییە سەرەکییەکان بەردەستن لەکۆگاو بازاڕو مارکێتەکاندا".


ئاماژە بەوەکراوە، "بازرگانانی پارێزگای سلێمانی لەپێشوازی مانگی ڕەمەزان پیرۆزدا، بەئامادەکارییەکی تەواوەوە، بڕێکی زۆر لەکاڵاو خواردەمەنیان هاوردە کردوە بۆ ئەوەی پێداویستییەکانی هاوڵاتیان بەشێوەیەکی ئاسایی و بەردەوام دابین بکرێت. ئێستا سەرجەم کۆگاکان پڕن لەخواردەمەنی و کاڵای سەرەکی".

ئەوەش خراوەتەڕوو، "بازرگانانی شاری سلێمانی هەمیشە وەک ناوەندێکی سەرەکی بۆ دابەشکردنی خواردەمەنی بۆ پارێزگاکانی دیکەی عێراق ناسراوە، ئێمە دڵنیایی دەدەین کە ئەم ڕۆڵە گرنگە بەهێزو بەردەوام دەبێت، هاوڵاتییان دڵنیادەکەینەوە لەوەی هاوردەکردنی کاڵا تەنها پشتی بەدەروازە سنورییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران نەبەستوە، بەڵکو لەڕێگەی دەروازەو ناوەندەکانی دیکەی عێراقیش وەک مینای ئومقەسر و دەروازەی ئیبراهیم خەلیل بەردەوامە، ئەمەش دڵنیایی زیاتر دەدات بۆ بەردەوامی".

ژوری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی دوبارە دڵنیایی دەدات بەهاوڵاتییان کە هیچ مەترسییەک لەسەر کەمی خواردەمەنی و کاڵاکانی پێویستی لەپارێزگای سلێمانی نییە.