شارپرێس:
لە ڕاپۆرتێکی شیکاریی ڕۆژنامەیەکی ڕووسیدا هاتووە کە ئەگەر ئێران سەرکەوتوو بێت لە داخستنی گەرووی هورمز بۆ ماوەی 6 مانگ، ئەوا تا کۆتایی ئەمساڵ جەنگێکی ڕاستەوخۆ لە نێوان چین و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەڵدەگیرسێت.
ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات کە چین لە پلانیدایە تا ساڵی 2035 داهاتی تاکەکەس دووقات بکات، لەکاتێکدا ئێستا داهاتی تاک لە ئەمریکا 92883 دۆلارە و لە چین 14730 دۆلارە. هەرچەندە جیاوازییەکە گەورە دیارە، بەڵام لە ڕووی بەکارهێنانی سەرچاوە ڕاستەقینەکان وەک ئاو و وزە، جیاوازییەکە تەنها 2 بۆ 3 ئەوەندەیە، ئەمەش بەهۆی بەرز نرخاندنی بەهای دۆلارەوەیە.
ئەگەر ئاستی بژێوی چین بگاتە ئەمریکا، ئەوا بەهۆی ژمارەی دانیشتووانە زۆرەکەیەوە کە 1.4 ملیار کەسن، چین 4.1 ئەوەندەی ئەمریکا سەرچاوەکانی زەوی بەکاردەهێنێت، ئەمەش دەبێتە هۆی نەمانی سەرچاوەکان لە ماوەی تەنها 2 بۆ 3 ساڵدا.
ڕۆژنامەکە دەڵێت تیۆری "ملیارە زێڕینەکە" پێمان دەڵێت زەوی بەرگەی ژیانێکی وا خۆش بۆ هەمووان ناگرێت و ڕۆژئاواش بەبێ شەڕ دەستبەرداری پێگەی خۆی نابێت.
داخستنی گەرووی هورمز دەبێتە هۆی کورتهێنانی وزە و بەرزبوونەوەی نرخەکان، ئەمەش سەرەتا ئەوروپا دەڕووخێنێت و دەیکاتە ناوچەیەکی دواکەوتوو کە خەڵکەکەی توانای گەرمکردنەوەی ماڵەکانیان نامێنێت و یەکێتیی ئەوروپا هەڵدەوەشێتەوە.
ئەمریکا کە توانای خۆبژێوی زیاترە، بەرگریی دەکات، بەڵام لەگەڵ چین دەکەونە ململانێیەکی توند بۆ دەستگرتن بەسەر سەرچاوە کەمبووەکانی وزە لە وڵاتانی تردا.
ڕاپۆرتەکە جەخت دەکاتەوە کە جەنگی ئێران یان جەنگ لەسەر نەوتی کەنداو، سەرەتای جەنگێکی بوونگەراییە، بەشێوەیەک ئەگەر ئێران بەرگریی بکات، چین ناچار دەبێت بۆ پاراستنی ئابوورییەکەی دەستوەردان بکات و ڕووبەڕووی ئەمریکا ببێتەوە.
بە پێی شیکارییەکە، هێرشی ترەمپ بۆ سەر ئێران خێرایی ڕووداوەکانی چەندین جار زیاد کردووە و جەنگی جیهانی دەستی پێکردووە و تەنها بەرەو توندتربوون دەچێت.
هەموو شتێک بەندە بەوەی ئێران تا چەند دەتوانێت گەرووی هورمز بە داخراوی بهێڵێتەوە، چونکە ئەوە دەبێتە بزوێنەری سەرەکیی بۆ پێکدادانی ڕاستەوخۆی هێزە گەورەکان لە پێناو مانەوەدا.
ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی