ئەمریکا لەبەرانبەر پشتیوانی هێزە کوردییەکانی ئێران چی ئۆفەرێکی خستۆتە بەردەم بارزانی و تاڵەبانی؟

کوردستان

9 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 28259 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەگوێرەی راپۆرتێکی کەناڵی i24NEWSی ئیسرائیلی کە  بەپشتی بە سەرچاوە کوردییەکان بەستووە، ئاشکرایکردووە کە کۆشکی سپی بە شێوەیەکی نادیار خەریکی گفتوگۆیە لەگەڵ سەرکردە کوردەکانی عێراق بۆ تاوتوێکردنی سیناریۆکانی پشتگیریکردنی ئۆپۆزسیۆنی کوردی ئێران لە ئەگەری قووڵبوونەوەی ڕووبەڕووبوونەوەکان.


ئەو کەناڵە باسی لەوەکردووە، زانیارییەکان باس لەوە دەکەن کە دۆناڵد ترەمپ پەیوەندی ڕاستەوخۆی لەگەڵ مەسعود بارزانی و بافل تاڵەبانی ئەنجام داوە، هاوکات پەیوەندی نافەرمی لەگەڵ سەرکردەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەک مستەفا هیجری، سکرتێری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران هەبووە.

ئەوەش هاتووە: واشنتۆن پێشنیاری ئەوەی کردووە کە هەرێمی کوردستان ببێتە ناوەندێکی هەماهەنگی لە نێوان ئەمریکا و هێزەکانی وەک حزبی دیموکرات، کۆمەڵە و تەنانەت پژاک.

ئاشکراشی کردووە کە پەیامی ئەمریکییەکان بۆ سەرکردایەتیی کورد لە عێراق ئۆفەرێکی سیاسیی و ئەمنی فراوانی تێدابووە، لەناویاندا بەهێزکردنی پشتیوانی سیاسیی و ئابووریی بەهێز بۆ هەرێمی کوردستانی عێراق، جگە لە دابینکردنی گەرەنتی ئەمنیی کە دەتوانێت درێژببێتەوە بۆ جێگیرکردنی سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی پێشکەوتوو وەک مووشەکی پاتریۆت لە هەولێر و سلێمانی بۆ پاراستنی ناوچەکە لە هەر وەڵامدانەوەیەکی مووشەکی ئێران گریمانکراو.

هەروەها باس لەوە دەکرێت کە واشنتۆن فشاری خستووەتە سەر یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ ئەوەی پەیوەندییە ستراتیژییەکانی لەگەڵ تاران کەم بکاتەوە لە بەرامبەر بەهێزکردنی پێگەی سیاسیی بافل تاڵەبانی لە عێراقدا.

ئەو کەناڵە ئیسرائیلییە ئاماژەی بەوەکردووە کە پسپۆڕان پێیان وایە ئەمریکا مەرج نییە بییەوێت ئێران دابەش بکات، بەڵکو دەخوازێت لە ڕێگەی پشتگیریکردنی نەتەوەکان بۆ سیستەمێکی فیدراڵی هاوشێوەی عێراق، دەسەڵاتی ناوەندی تاران لاواز بکات، دەشڵێت ئەم پلانە تەنیا کورد ناگرێتەوە، بەڵکو ئازەری، بەلوچ و عەرەبە ئەهوازییەکانیش دەبنە بەشێک لەم جوڵەیە.

بەپێی راپۆرتەکە، لەم نێوەندەدا تورکیا وەک بەربەستێکی گەورە دەبینرێت، چونکە ئەنقەرە هەر جۆرە بەهێزبوونێکی کورد لە ناوچەکەدا بە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی خۆی دەزانێت، ئەمەش وادەکات جوڵەکانی ئەمریکا زۆر ورد و هەستیار بن.

لەکۆتایی راپۆرتەکەیدا رۆژنامە ئیسرائیلییەکەدا دەڵێت:  ئێستا پرسیارە جەوهەرییەکە ئەوەیە کە ئایا واشنتۆن بە ڕاستی دەیەوێت "کارتی کورد" وەک ئامرازێکی ستراتیژی دژی تاران بەکاربهێنێت، یان ئەمە تەنیا فشارێکی کاتییە لەناو ململانێیەکی هەرێمیی کراوەدا کە ئەگەری زۆری بۆ هەڵدەگیرێت.

ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی

بەپەلە