شارپرێس:
له‌هێرشێكدا، ئێران توانیى نوكى موشه‌كه‌كانى بگه‌یه‌نێته سه‌ر یه‌كێك له‌و هه‌شت سیستمه به‌رگرییه‌ى كه ئه‌مریكا وه‌كو شانازیى سه‌ربازیى خۆى باسیده‌كات، به‌گوێره‌ى سه‌رچاوه‌كانى هه‌واڵ، ئێران له‌بنكه‌یه‌كى ئه‌مریكى له‌ئوردن توانیویه‌تى سیستەمی بەرگری (تاد)ی ئەمریکی تێكبشكێنێت کە بەپێشکەوتوترین قەڵغانی موشەکی جیهان دادەنرێت.
بەگوێرەی ئاژانسی بلۆمبێرگ‌و CNNى ئه‌مریكى، لەهێرشێکی چڕی ئێران‌دا بۆسەر بنکەی ئاسمانی (موەفەق سەلت) لەئوردن، ڕاداری AN/TPY-2 کە هه‌سته‌وه‌رو بزوێنه‌رى یەکەمی سیستەمی (تاد)ە، بەتەواوی تێکشکێندراوە، ئەو ڕادارە تەنها ئامێرێکی ئاسایی نییە، بەڵکو تێچوەکەی 300 ملیۆن دۆلارەو دەتوانێت لەدوری سەدان کیلۆمەترەوە موشەکەکان بپێکێت.
ئەو هۆکارانەی وایکردوە ئەم هەواڵە ببێتە ڕۆژەڤی میدیا جیهانییەکان ئه‌وه‌یه، سیستەمی (تاد) شانازیی پیشەسازیی سەربازی ئەمریکایەو تێکشکانی ڕادارەکەش بەو مانایەیە کە ئێستا ئەم سیستەمە گرانبەهایە کوێر بوەو ناتوانێت ئامانجەکان ببینێت، له‌لایه‌كى دیكه‌شه‌وه ئەمریکا لەهەموو جیهاندا تەنها هه‌شت دانە لەو سیستەمەی هەیە، لەدەستدانی یەکێک لەڕادارەکان گورزێکی ستراتیژییە کە قەرەبوکردنەوەی ساڵانێکی دەوێت‌و هاوكات ئێستا پاراستنی ئاسمانی ناوچەکە تەنها لەسەر شانی (پاتریۆت) ماوەتەوە، کە ئەویش بەدەست کەمیی موشەکەوە دەناڵێنێت‌و مەترسی بڕانی تەقەمەنی لێدەکرێت.
بەرپرسانی باڵای ئەمریکاو شارەزایانی سه‌ربازیى وەک تۆم کاراکۆ دەڵێن، "ئەمە گورزێکی کوشندەیە، چونکە هیچ یەدەگێکمان نییە بۆ جێگرتنەوەی، ئەم شکسته هێندە گەورەیە کە کۆمپانیا زەبەلاحەکانی وەک Lockheed Martin بۆ کۆشکی سپی بانگ‌كراون تاوه‌كو بەپەلە چارەسەرێک بدۆزنەوە پێشئەوەی ته‌واوی هێڵه‌كانی به‌رگریی توشی داڕمان ببن".