تورکیا هاته‌ده‌نگ‌و له‌باره‌ى پاراستنی شەرع لەبەریتانیا ڕونكردنه‌وه‌ ده‌دات

جیهان

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2642 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا بەفەرمی ئەو هەواڵانەی ڕەتکردەوە کە باس لەداواکارییەکی دەزگای هەواڵگری وڵاتەکەی (میت) دەکەن لەبەریتانیا بۆ دابینکردنی پاراستن بۆ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سوریا.


سەنتەری بەرەنگاربونەوەی چەواشەکاری میدیایی سەر بەسەرۆکایەتی کۆماری تورکیا لەبەیاننامەیەکی فەرمیدا ڕایگەیاندوه‌، "ئەو هەواڵانەی لەلایەن ئاژانسی ڕۆیته‌رزه‌وه‌ بڵاوکراونەتەوەو بانگەشەی ئەوەدەکەن تورکیا داوای لەدەزگای هەواڵگری بەریتانیا کردوە پاراستنی شەرع توندتربکات، دورن لەڕاستییەوە".

لەبەیاننامەکەدا ئه‌وه‌ش هاتوه‌، "جەختده‌كه‌ینه‌وه‌ لەسەر هەماهەنگی ئەمنی لەگەڵ حکومەتی سوریا، هەواڵگریمان بەشێوەیەکی کاریگەر لەگەڵ دەزگا هەواڵگرییە نێودەوڵەتییەکان‌و هێزە ئەمنییەکانی سوریای دراوسێ لەپەیوەندیدایە بۆ بەرەنگاربونەوەی تیرۆر".

وەک بەڵگەیەک بۆ ئەو هەماهەنگییە، تورکیا ئاماژەی بەوەکردوە، ئەو ئۆپەراسیۆنە سەرکەوتوانەی ئەمدواییانە دژی داعش ئەنجامدراون، بەرهەمی هەماهەنگی ڕاستەوخۆ بون لەگەڵ دەسەڵاتدارانی سوریا.

لەکۆتایی ڕاپۆرتەکەدا، سەرۆکایەتی تورکیا داوای لەڕای گشتیی کردوە بڕوا بەو تۆمەت‌و بڵاوکراوە بێبنەمایانە نەکەن کە ئامانجیان شێواندنی ڕاستییەکانە.

ئەم هەڵوێستەی ئەنکەرە لەکاتێکدایە کە ناوچەکە بەگۆڕانکارییەکی سیاسیی‌و سەربازیی خێرادا تێدەپەڕێت‌و چارەنوسی سەرکردایەتییە نوێیەکانی سوریا لەژێر وردبینی نێودەوڵەتیدایە.