ترەمپ بەشێوەیەکی کاتی سزا لەسەر فرۆشتنی نەوتی ئێران هەڵدەگرێت

جیهان

9 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 390 جار خوێندراوه‌ته‌وه

 

شارپرێس:

ئیدارەی ترەمپ ڕۆژی هەینی مۆڵەتی کاتی بە ئێران دا بۆ فرۆشتنی ئەو نەوتەی کە لەنێو کەشتییەکاندایە.

ئەو بڕە نەوتەی ئەمریکا ڕێگای فرۆشتنی داوە ١٤٠ ملیۆن بەرمیلە، ئەوەش بۆ دابینکردنی خواستی جیهانی نەوت بۆ ماوەی نزیکەی ڕۆژ و نیوێکە. بەپێی ئیدارەی وزەی ئەمریکا.

ئەمریکا بۆ چەند ساڵە سزای پچڕپچڕی بەسەر نەوتی ئێراندا سەپاندووە و لە ساڵی ٢٠١٨دا ئیدارەی ترەمپ دوای کشانەوەی لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی ئێران بە تەواوی ڕێگری لە فرۆشتنی نەوتی خاوی ئێران کرد.

ئەم هەڵگرتنە کاتی و یەک مانگییەی سزاکان دەتوانێت کاریگەری نەرێنی هەبێت. ئەمریکا لە شەڕدایە لەگەڵ ئێران، مۆڵەتەکەش ڕێگە بە ئێران دەدات نەوتی گەمارۆدراوەکەی بفرۆشێت بۆ ئەوەی پارەی شەڕەکەی دژی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی دابین بکات.

هاوکات نرخی نەوت لە جیهاندا لە کاتی شەڕدا بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە و هەر بەرمیلێک گەیشتووەتە زیاتر لە ١١٠ دۆلار. ئیدارەی ئەمریکا هەوڵدەدات هەموو ڕێگەیەک بۆ سنووردارکردنی نرخی نەوت لە کاتی شەڕ بقۆزێتەوە، لەوانە هەڵگرتنی سزاکانی سەر سەدان ملیۆن بەرمیل نەوتی ڕووسیا لە هەفتەی ڕابردوودا.

سکۆت بیسنێت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوە کردووە، بەهۆی ئەو سزایانەی بەسەر ئێراندا سەپێنراون، ڕەنگە نەتوانێت دەستی بە داهاتی نەوت بگات.

بیسنێت وتی: ئێران بە ئاستەم دەست دەگات بە هەر داهاتێک و ئەمریکاش بەردەوام دەبێت لە زۆرترین فشار لەسەر ئێران و دەستڕاگەیشتن بە سیستەمی دارایی نێودەوڵەتی.