ئیلهام ئەحمەد پەیامێكی نوێ ئاڕاستەی گەلی كورد دەكات

کوردستان

6 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 604 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دەڵێت، کاتی ئەوە هاتوە دەستکەوتەکانی گەلی کورد بەیاسا و لەدەستوردا بچەسپێندرێن.

 
ئیلهام ئەحمەد، لەرێوڕەسمی نەورۆزی 2026 لەشاری ئامەد لەرێگەی پەیامێکی ڤیدیۆییەوە ڕایگەیاند، شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان بەپشتیوانی هەموو گەلی کورد گەیشتوەتە ئەم قۆناغەو وتی،"ئێمە ئێستا لە قۆناغی بونیادنانەوە و ئاوەدانکردنەوەداین".
 
ئیلهام ئەحمەد لەپەیامەکەیدا باکوری کوردستانی وەک "گەورەترین پارچە و خاوەن مەزنترین ماتە وزە" ناوبرد و رایگەیاند: "کاتێک لە باکوری کوردستان و لە تورکیا پڕۆسەی چارەسەری سیاسی پێشبکەوێ، ئەوا مافی کورد لە پارچەکانی دیکەش گەرەنتی دەبێت، چونکە هێزی کورد لێرە هێزێکی یەکلاییکەرەوەیە."
 
هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر  داوای کرد کە دەستکەوتەکانی باشووری کوردستان بپارێزرێن و "پشتگیری لەخەباتی ڕەوای گەل لەڕۆژهەڵاتی کوردستان بکرێت، چونکە ئێمە یەک دڵ و یەک نەتەوەین".
  
 
جەختیش دەكاتەوە، كەلەڕۆژهەڵاتی کوردستان جارێکی دیکە پڕۆسەیەکی نوێ لەئارادایە، گەلی کورد لەوێش ڕوبەڕوی رژێمی چەوسێنەر بوەتەوەو سەردەمێکی نوێ دەستی پێکردوە. ئەم سەردەمە، سەردەمی یەکێتی و رێککەوتنی گەلی کوردە. لە باشووری کوردستانیش پاراستنی دەستکەوتەکان و پاراستنی ئەو شۆڕشەی لەوێ کراوە، ئەرکی هەموو گەلی کوردە.
 
دەشلێت، پارچەی هەرە گەورەی کوردستان، باکوورە. گەورەترین توانا و ماتە وزە لێرەیە. کاتێک لە باکووری کوردستان و لە تورکیا پڕۆسەی چارەسەری سیاسی پێشبکەوێ، ئەوا مافی کورد لە پارچەکانی دیکەش مسۆگەر دەبێت".
 
ئەوەش دوپاتدەكاتەوە، كەئێمە ئێستا لەقۆناغی ئاوەدانکردنەوەداین، چ لە رۆژئاوای کوردستان و چ لە باکوور و چ پارچەکانی دیکەش، ئەمە قۆناخی بونیادنانەوەیە. لەم قۆناخەدا ژنان و گەنجان رۆڵێکی سەرەکی و مێژوویی دەگێڕن. وەک چۆن لە مێژوودا ژنان پێشەنگ بوون، ئەمڕۆش لە هەموو کات زیاتر رۆڵی ژنان لە بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی دیموکراسیدا دیارە.