سەندیکای ڕۆژنامەنوسان چەند ڕێنماییەکی بۆ خۆپاراستن لەجەنگی دەرونی بڵاوکردەوە

کوردستان

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 210 جار خوێندراوه‌ته‌وه

 

 

شارپرێس:

سەندیکای ڕۆژنامەنوسانی کوردستان لقی سلێمانی لەڕاگەیەندراوێکدا چەند ڕێنماییەکی بۆ خۆپاراستن لەجەنگی دەرونی بڵاوکردەوە.

 

دەقی ڕێنماییەکان:

رێنمایی خۆپارێزیی لە کاریگەرییەکانی جەنگی دەرونی

لەگەڵ ھەموو جەنگەکاندا ھاوکات جەنگێکی شاراوە پیادە دەکرێت، پێی دەوترێت (جەنگی دەرونی)، لەزۆر شوێنی مێژوودا جەنگی دەرونی بوەتە ھۆکاری دۆڕاندن یان بردنەوەی جەنگەکان، چونکە کاریگەرییەکانی ئێجگار روخێنەرو ترسناکن،
بۆیە داوا لە وەرگرانی میدیاکانمان(بینەران و بیسەران و خوێنەران و بەکارھێنەرانی سۆشیاڵ میدیا) و داوا لە سەرجەم کەناڵەکانی ھەرێمی کوردستانیش (بینراو بیستراو خوێنراو ئەلکترۆنی) دەکەین، وەک ھاووڵاتی و وەک میدیاکار زۆر بە گرنگیەوە رەچاوی ئەم خاڵانەو ئەم رێنماییانەمان بکەن.. ئەم خاڵانە لە چوارچێوەی راسپاردەکانی سیمپۆزیۆمی ھاوبەشی (تەندروستی دەرونی و رۆڵی میدیا) وەرگیراون، بەدەیان پزیشکی دەرونی و دەرونناس و میدیاکار ئامادەی بوون، کارێکی ھاوبەش بوو لە نێوان کۆمەڵەی پزیشکی دەرونی کوردستان و سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان لقی سلێمانی و زانکۆی سلێمانی و کۆلێژی پزیشکی ئەنجامدرا، پسپۆڕانی دەرونی ئاماژەی ترسناکیان بە رۆڵی جەنگی دەرونی و کاریگەریەکانی میدیای ناوخۆو میدیای بەرانبەر کردوە.. ھیوادارین بە گرنگی و بە وردی بخوێنرێنەوەو پەیڕەو بکرێن، چونکە پێشتر ھیچ شارەزاییەکمان لە جەنگی دەرونی نەبوەو ئێستاش چ ھاووڵاتیان چ میدیاکان خەریکە وەک لایەنێکی جەنگەکە رەفتار بکەین بۆیە ئەم رێنماییانە زۆر بە گرنگ دەزانین:

١/ تەنھا خەڵکانی پسپۆڕو شارەزا لە میدیاوە قسە لەسەر جەنگ و شیکار و لێکەوتەکانی بکەن.
٢/  لەم بارودۆخەدا میدیاکان پرس و را بە پزیشکانی دەرونی بکەن ئەگەر کەناڵەکان راوێژکاری دەرونییان نەبوو.
٣/ لەم جەنگەدا زۆرترین خەڵک تەماشای میدیا دەکەن، بۆیە رەچاوکردنی باری دەرونی خێزانەکان لە ھەموو کات پێویست ترە.
٤/ تۆنی دەنگی بەرزی بێژەرەکان و نەڕەکردن و ھاتوھاوار پێویست ناکات، چونکە ئێمە لایەنی شەڕکەر نین و تەنھا ھەواڵ دەگوازینەوە.
٥/ کەمترین گەورەکردن و قەبەکردن بۆ زمانی ھەواڵ و راپۆرتەکان بکرێت و ئاوەڵناوی دێواندن بۆ جۆری چەکەکان بەکار نەھێنن..
٦/ بەرپرسیارانە و کەمترین رەفتار لەگەڵ وێنەو وشەو زاراوەی خوێن و بریندار و کوژراو بێسەروشوێن و داروپەردوو تەقاندن و ئەتۆمی و ......ھتد بکەن..
٧/ ھەر زانیارییەک لێکەوتەی دەرونی خراپی لێبکەوێتەوە، یان بڵاو نەکرێتەوە یان شێوازی داڕشتنەکەی بخرێتە سەر شێوازی ئاسانکردنەوەی زانیاری..
٨/ داوادەکەین کۆمەڵەی پزیشکی دەرونی کوردستان، لەژێر رۆشنایی راسپاردەکانی سیمپۆزیۆمی پێشووماندا، وردبوونەوەی دەرونی و کاریگەریی میدیاکان لە قۆناغی چوار ھەفتەی شەڕدا بۆ شەقام بخاتە روو.
٩/ ئەو پەیج و ئەکاونتانەی سەرچاوەو خاوەندارێتییان ئاشکرانین، داواکارین ھاوکارمان بن و رەچاوی باری دەرونی خوێنەرەکانیان بکەن.
١٠/ ھەموان دەزانین کە ئامانجی جەنگی دەرونی کۆنترۆڵکردنی عەقڵ و بیرو دڵی خەڵک و شکست پێھێنانی لایەنی بەرانبەرە، ئێمەش لە نێوان ھەردوولایەنی شەڕکەرداین، بۆیە پێویستە بە عەقڵ بەرپەرچی ئەم ھێرشە دەروونیانە بکەینەوەو راگرتنی باری دەرونی ھاووڵاتیان لە ئەرکە پێشینەو گرنگەکانی میدیای کوردی بێت...

سەلامەتی بۆ گشت لایەک

لقی سلێمانی 
سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان 
٢٢/٣/٢٠٢٦

بەپەلە