سەرۆکی یەکێتی مامۆستایان: خوێندنی ئۆنڵاین گونجاو نییەو سەرکەوتو نابێت

کوردستان

7 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 439 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان هۆشداری لەبارەی بڕیاری بە ئەلیکترۆنیکردنی خوێندن دەدات و دەڵێت، هیچ زەمینەیەکی لەباری بۆ نەڕەخسێنراوە.


عەبدولواحید محەمەد، سەرۆکی یەکێتی مامۆستایان لەلێدوانێکی تایبەتدا بۆ شارپرێس وتی،" رەنگە تا رادەیەک خوێندنی ئۆنڵاین لە وەزارەتی خوێندنی باڵا بتوانرێت بەشێوەیەک لەشێوەکان چاوپۆشی لێ بکرێت، بەڵام لە وەزارەتی پەروەردە و لە قۆناغەکانی بنەڕەتی، ناوەندی و ئامادەیی خوێندنی ئۆنڵاین گونجاو نییەو هیچ زەمینەیەکی لەباری بۆ نەڕەخسێنراوە ".

ئەوەشیخستەڕوو،" پێموایە خوێندنی ئۆنلاین سەرکەوتوو نابێت‌و دەبوو باشتر بیر لەو بابەتە بکرێتەوە، نەک بەو پەلە پەلە بڕیار بدرێت، دەبوو چارەسەرێکی باشتر بدۆزرێتەوە، بۆ نمونە دەکرا ماوەی ساڵی خوێندن درێژ بکرێتەوە ".

وتیشی، دۆخەکە هێندە سەخت نییە پێویست بە خوێندنی ئەلیکترۆنی بکات، لەعێراق خوێندن هیچ کێشەیەکی نییە و تەنانەت لەئێستادا قوتابخانە عەرەبییەکانی شاری هەولێر دەوام دەکەن و هیچ کێشەیەکیان نییە.

ئەمەش لەکاتێکدایە، بەهۆی زیادبونی مەترسییەکانی ناوچەکە و هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان، دوێنێ یەکشەممە، هەردوو وەزارەتی خوێندنی باڵا و وەزارەتی پەروەردە بڕیاریاندا پرۆسەی خوێندن لەسەرجەم ناوەندەکانی خوێندن بکرێتە ئەلیکترۆنی.