شارەزایەکی کەشناسی: پێنجشەممەو هەینی بەکەڵکی گەشت‌و سەیران نایەن

کوردستان

6 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 843 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

شارەزایەکی کەشناسی پێشبینی هاتنی شەپۆلێکی دیکەی بارانبارین بۆ هەرێمی کوردستان دەکات و دەڵێت، پێنجشەممەو هەینی بەکەڵکی گەشت‌و سەیران نایەن.


هەڤاڵ سدیق گەڵۆزی، شارەزای کەشناسی ڕایگەیاند، لەئەنجامی کاریگەری نزمە پاڵەپەستۆی دەریای سپی ناوەڕاست و هاتنی بڕێکی شێ لەدەریای سورەوە، لەپاشنیوەڕۆی ڕۆژی پێنجشەممەوە ئاسمان لەنیچمە هەورەوە دەگۆڕێت بۆ هەوری تەواو و شەپۆلێکی بارانبارینی مامناوەند تەواوی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان‌و عێراق دەگرێتەوە.

ئەوەشیخستەڕوو، ئەو شەپۆلی بارانبارینە بەشێوەی مەودا کورت و خێرا دەبێت، بەگشتی کەشوهەوای ڕۆژانی پێنجشەممەو هەینی بەکەڵکی گەشت و سەیران نایەن.

ئەو کەشناسە کوردە وتیشی، لە ناوچە شاخاوییەکانی باکوری ڕۆژهەڵاتی هەرێمی کوردستان بارانەکەی مامناوەند بۆ بارانی بەخوڕدەبێت، لە دەشتاییەکانی هەولێر و کەرکوک و گەرمیان ئەگەری نمەباران بۆ بارانی مامناوەند هەیە، هەرچی ناوچەکانی باشور و ناوەڕاستی عێراقیشە، ئەگەری نمەباران هەیە.