سوپای ئەمریكا دەستی بەجوڵە كرد..موشەكی گومەزی زێڕین جێگیركرا

جیهان

7 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1019 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سوپای ئەمریکا بەفەرمی یەکەم سیستەمی بەرگریی موشەکیی گومەزی زێڕینی لەناوخۆی خاکەکەیدا جێگیر کرد. 


میدیا ئەمریكییەكان ئاشكرایانكردوە، ئەمریكا بەم هەنگاوە پڕۆژەی گومەزی زێڕین لەقۆناغی بیرۆکەوە دەگوازێتەوە بۆ قۆناغی جێبەجێکردنی مەیدانی، بە ئامانجی پاراستنی ئاسمانی ئەمریکا لەبەرانبەر موشەکە بالیستییەکان، موشەکە جووڵاوەکان (Cruise) و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان.

جەنەڕاڵ مایکل گێلاتین، فەرماندەی باڵا لەسوپای ئەمریکا، ڕایگەیاند یەکەم پارچەی کارای ئەم سیستەمە کە بەسیستەمی چاودێریی بەردەوامی دور مەودا یان (ALPS) ناسراوە، لەبنکەی "لیتل کریک فۆرت ستۆری" جێگیر کراوە. 

پێشتر، وەزارەتی جەنگی ئەمریکا (پێنتاگۆن) تێچوی بنەڕەتیی ئەم پڕۆژەیەی بە 185 ملیار دۆلار خەمڵاندوەو تەنیا بۆ ساڵی دارایی 2027 بڕی 17.5 ملیار دۆلاری بۆ تەرخان کراوە.