شارپرێس:
ئهگهرچى چاوى ههموو دونیا لهسهر هاتنو چونهكانه بۆ پاكستان سهبارهت بهدەستپێکردنەوەی خولێکی نوێی دانوستانەکانی نێوان ئێرانو ئەمریکا، تاران پەیامێکی توند ئاڕاستەی کۆشکی سپی دەکات، وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئێران دهڵێت، "هێزە سەربازییەکانمان باڵادەستنو ئەمریکاش بەدوای دەرچەیەکدا دەگەڕێت بۆ ڕزگاربون لەو زۆنگاوەی تێیکەوتوە".
بەرپرسانی ئێران مەرجی قورسیان هەیە بۆ هەر دانیشتنێکی ڕاستەوخۆ، ئێرانییەکان جەختدەکەنەوە، هیچ گفتوگۆیەک لەژێر هەڕەشەو فشاردا ئەنجامنادەنو مەرجی سەرەکیشیان بۆ هەر پێشوەچونێک سێ خاڵى سهرهكیه، یهكهمیان لادانی گەمارۆی دەریاییه، ئێران داوادەکات واشنتۆن گەمارۆی سەر بەندەرەکانی هەڵبگرێت وەک نیشانەیەک بۆ نیازپاکی.
خاڵى دوهمى تاران پەسەندکردنی پلانی 10 خاڵیهكهیه، لهو ڕوهشهوه تاران دەیەوێت خاڵە ئاشتیخوازییەکانی خۆی بکرێتە بنەما بۆ هەر ڕێککەوتنێک نەک مەرجە سەپێندراوەکانی ئەمریکا، سێیهمیش پاراستنی مافە ئەتۆمییەکانه، سوربون لەسەر مافی پیتاندنی یۆرانیۆمو پاشەکشەنەکردن لەدەستکەوتە تەکنیکییەکانیان.
وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئێران، لەلێدوانێکدا بۆ ئاژانسی (ئیسنا) وتویهتى، "سوپای وڵات ئێستا لەبەهێزترین دۆخی خۆیدایە، دوژمنیش كه مهبهستمان ئەمریکایه هەوڵدەدات ڕێگەیەک بدۆزێتەوە بۆ دهرچون لهو تهنگژهیهى تێیكهوتوه".
لەگەڵ گەیشتنی عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ پاکستان، هێشتا ناڕونی لەسەر کۆبونەوەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ وەفدە ئەمریکییەکە (بەسەرۆکایەتی جارید کۆشنەرو ستیڤ ویتکۆف) هەیە، تاران تائێستا جەختدەکاتەوە، تەنها لەڕێگەی نێوەندگیرەکانەوە پەیام ئاڵوگۆڕ دەکات، ئەمەش وەک کارتێکی فشار بۆ بەدەستهێنانی ئیمتیازاتی زیاتر.
چاودێرانیش پێیانوایە، ئەم زمانە توندەی تاران لەپێش دەستپێکردنی دانوستانەکان، هەوڵێکە بۆ نیشاندانی هێزو سەپاندنی مەرجەکانیان لەسەر مێزی گفتوگۆ، لەکاتێکدا ناوچەکە لەسەر لێواری تەقینەوەیەکی گەورەتردایە.
