شارپرێس:
فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا (سێنتکۆم) ئاشكرایدهكات، بڕیاریداوە سێ فڕۆکەهەڵگری گەورە لەناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جێگیربکات، دهشڵێت، "ئەم هێزە دەریاییە زەبەلاحە پێکدێت لەفڕۆکەهەڵگرەکانی (جۆرج ئێچ دەبلیو بوش، ئەبراهام لینکۆڵنو جیرالد فۆرد).
بهگوێرهى ڕاگەیەندراوەکانی سێنتکۆم، ئەو سێ گروپە جەنگییە بەههماهەنگی لەگەڵ یەکتر کاردەکەنو پشت بەزیاتر لە 200 فڕۆکەی جەنگی پێشکەوتوو دەبەستن، لەگەڵ بونی نزیکەی 15 ههزار سەربازو هێزی مارێنزی ئەمریکی لەناوچەکەدا.
فڕۆکەهەڵگری (جۆرج بوش) وەک یەکێک لەدیارترین پارچە سەربازییەکان، درێژییەکەی دەگاتە 333 مەترو بەرزییەکەی بەرامبەر بە 20 نهۆمە، ئەم کەشتییە بەدوو کارگەی وزەی ئەتۆمی کاردەکاتو توانای هەڵگرتنی 80 فڕۆکەی جەنگیو کۆپتەری هەمەجۆری هەیە، وەک فڕۆکەکانی F-18و V-22، هەروەها خاوەنی پێنج ههزارو 700 كارمهنده.
ئەم جوڵە سەربازییە فراوانە لەکاتێکدایە کە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بەردەوام جەخت لەسەر ئەوەدەکاتەوە، ئەمریکا ئامادەیە بۆ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی دژ بەئێران گەر ڕێکارە دیپلۆماسییەکان نەگەنە ئەنجام.
لەلایەکی دیکەوە، ئێران هەوڵدەدات بەجوڵەی دیپلۆماسیی وەڵامی ئەم گرژییانە بداتەوە، بۆیە عهباس عێراقچی وەزیری دەرەوە دەستیكرد بەگەشتێک بۆ وڵاتانی پاکستان، عومانو ڕوسیا بەئامانجی کەمکردنەوەی گرژییهكان.
لەگەڵ ئەمەشدا، ئەمریکا بەردەوامە لەناردنی باری چەکو تەقەمەنی بۆ ناوچەکەو سەپاندنی گەمارۆی دەریایی کە بوهتە هۆی ناچارکردنی دەیان کەشتی ئێرانی بۆ گۆڕینی ئاڕاستەیان، کە ئەمەش نیشاندەری هەستیاری بارودۆخەکەیە لەنێوان بژاردەی جەنگو گفتوگۆدا.
ئهمهش لهكاتێكدایه، وەزارەتی دەرەوەی پاکستان ڕایگەیاندوە، وهزیرى دهرهوهى ئێران گهیشتوهته وڵاتهكهیانو ئامانجیش لهو سەردانەکە گفتوگۆیە لەگەڵ بەرپرسانی پاکستانو دەستپێکردنەوەی خولێکی دیکەی دانوستانەکان، دوو بەرپرسی ئەمریکیش بەئەکسیۆسیان وتوە، دوشەممەى ئهم ههفتهیه کۆبونەوەی نێوان وهفدى ئێرانو ئەمریکا دەستپێدەکاتهوه.