شارپرێس:
لەژێر تەمومژێکی سیاسیی قورسو چاودێرییەکی توندی ئەمنیدا، پایتەختی پاکستان بوەتە چەقی ڕوداوە جیهانییەکان، ئەمڕۆ شەممە، هەریەک لەستیڤ ویتکۆفو جارید کۆشنەر، نێردراوە تایبەتەکانی ئەمریکا، گەیشتنە ئیسلام ئاباد بۆ ئەنجامدانی یەکلاکەرەوەترین گەڕی گفتوگۆکان لەگەڵ وهفدى ئێرانی بەسەرۆکایەتی عەباس عێراقچی.
لەکاتێکدا جیهان چاوی لەسەر ئاگرە بێدەنگەکەی نێوان واشنتۆنو تارانە، ئەم کۆبونەوانە لەکاتێکی زۆر هەستیاردا دێن، هەشت هەفتەیە جەنگێکی وێرانکەر ناوچەکەی گرتوەتەوەو ئێستا تەنها یەک هەنگاو لەئاشتییەکی گشتگیر یان تەقینەوەیەکی گەورەترەوە دورن.
سەرچاوەکان باس لەوەدەکەن، کۆشنەرو ویتکۆف هەڵگری نەخشەڕێگەیەک بۆ وەستاندنی هەمیشەیی شەڕ، بەڵام مەرجەکانی تاران بۆ لابردنی سزاکانو ئازادکردنی داراییە بلۆککراوەکانی، هێشتا وەک بەربەستێکی گەورە ماونەتەوە، تارانیش ڕایگەیاندوە، وەڵامی نوسراوی خۆی پێیە، بەڵام ئایا ئەمە بەس دەبێت بۆ ئەوەی واشنتۆن جی دی ڤانس-ی جێگری سەرۆک بنێرێتە مەیدانەکە؟
لەشەقامەکانی پاکستانو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، خەڵک بەترسو ئومێدەوە سەیری شاشەکان دەکەن، بهڵام پرسیارە گەورەکە ئەوەیە، ئاخۆ ئیسلام ئاباد دەبێتە ئەو شوێنەی کە تێیدا مێژوو دەگۆڕێتو جەنگ کۆتایی دێت، یان ململانێکان دوبارە دەگەڕێنەوە خاڵی سفر؟، کاتژمێرەکانی داهاتوو بۆ چارەنوسی ناوچەکەو جیهان، یەکلاکەرەوە دەبن.
