سێ وڵاتى ئه‌وروپى به‌چه‌كى زۆر قورسه‌وه‌ به‌ره‌و هورمز جوڵه‌ ده‌كه‌ن

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 3069 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

فەرەنساو بەریتانیا سەرکردایەتی ئەرکێکی سەربازیی ئەوروپی دەکەن بەئامانجی پاراستنی گەروی هورمز کە دوای دوو مانگ لەشەڕ لەلایەن ئێرانەوە داخرابوو، ئەم هەنگاوە دوای زنجیرەیەک کۆبونەوە دێت کە لەڕۆژانی 22و 23ى ئه‌م مانگه‌ لەلەندەن بەڕێوەچوو، وەک درێژەپێدەری گفتوگۆکانی نێوان کیه‌ر ستارمەرو ئیمانوێل ماکرۆن.


به‌گوێره‌ى زانیارییەکان، بڕبڕەی پشتی ئەم ئەرکە لەسەرشانی سێ وڵاتی سەرەکی دەبێت، یه‌كه‌م فەرەنسایه‌ كه‌ بەهێزێکی دەریایی گەورەوە بەشدارەو پێکدێت لەهه‌شت کەشتی جەنگی، شانبەشانی ناردنی کەشتیی فڕۆکەهەڵگری (شارل دیگۆل) بۆ ناوچەکە، دوه‌میش ئەڵمانیایه‌ كه‌ ئامادەیی نیشانداوە بۆ ناردنی کەشتیی مینڕێژو تیمەکانی چاودێری دەریایی، بەڵام ئەمە پێویستی بەڕەزامەندی پەرلەمانی وڵاتەکەی (بوندستاگ) هەیە، بەریتانیا-ش وڵاتى سێیه‌مه‌، هەرچەندە تائێستا وردەکاری جۆری بەشدارییەکەی ڕانەگەیاندوە، بەڵام خاوەنی تێکشکێنەری دەریایی پێشکەوتوەو زیاتر لە 40 دەوڵەتیش لەبنکەی (نۆرسود) تاووتوێی میکانیزمەکانی جێبەجێکردنی پلانەکەیان کردوە.

سه‌رچاوه‌كانى هه‌واڵ باس له‌وه‌ده‌كه‌ن، ئەم ئەرکە تەنها لەچوارچێوەی پاراستنی کەشتییە بازرگانییەکاندایە بەرامبەر هێرشەکان، نەک بەئامانجگرتنی پێگەکانی ناو خاکی ئێران، چالاکییەکانیش بریتین لەبەرپەرچدانەوەی موشەک، فڕۆكه‌ى بێفڕۆکەوان‌و بەلەمە خێراکان، هه‌روه‌ها پاککردنەوەی گەروەکە لەمینە دەریاییەکان‌و سەقامگیرکردنی ئاسایشی وزەو بازرگانی جیهانیی.

شارەزایان هۆشداریدەدەن، ئەم ئەرکە بێ مەترسی نییە؛ سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانی ناتوانن پاراستنی 100٪ دابین بکەن بەرامبەر هێرشە چڕەکانی درۆن، هەروەها نیگەرانی هەیە کە ئەم جموجۆڵە هێزە دەریاییەکانی ئەوروپا پەکبخات‌و وایان لێبکات نەپەرژێنەسەر پاراستنی سنورەکانی خۆیان بەرامبەر مەترسییەکانی ڕوسیا لەدەریای باڵتیک.

لەگەڵ هەموو ئامادەکارییە سەربازییەکان، شیکەرەوان کۆکن لەسەرئەوەی، هێزی سەربازی بەتەنها بەس نییە، چارەسەری بنەڕەتی تەنها لەڕێگەی ڕێککەوتنی سیاسیی‌و دبلۆماسییەوە دەبێت کە تێیدا ئێران بڕیاری کردنەوەی گەروەکە بدات، لەولاشەوە، وڵاتانی وەک هیندستان، چین‌و پاکستان هەوڵدەدەن لەڕێگەی ڕێککەوتنی دوقۆڵییەوە لەگەڵ تاران، هێڵەکانی گواستنەوەی خۆیان بپارێزن.

شیكه‌ره‌وان ته‌ئكیدیانكردوه‌ته‌وه‌، ئەو ئەرکە ئەوروپییە وەک قەڵغانێکی دەریایی کاردەکات تائەوکاتەی لایەنەکان دەگەنە ڕێککەوتنێکی سیاسیی بۆ کۆتاییهێنان بەشەڕ.