ئەوروپا مەرجەکانی بۆ تاران قورستر دەکات‌و هۆشداریی لەڕێککەوتنێکی خێرا لەگەڵ واشنتۆن دەدات

جیهان

6 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1476 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەکاتێکدا هەوڵەکان بۆ زیندوکردنەوەی گفتوگۆکانی نێوان ئێران‌و ئەمریکا بەردەوامن، وڵاتانی ئەوروپا نیگەرانیی خۆیان لەئەگەری واژۆکردنی ڕێککەوتنێکی "خێراو ڕاگەیاندنی" لەنێوان تاران‌و واشنتۆن دەردەبڕن کە تێیدا کێشە بنەڕەتییەکان فەرامۆش بکرێن.


فریدریش مێرتس ڕاوێژکاری ئەڵمانیا، لەمیانی لوتکەی ئەوروپا لەنیکۆسیا ئاماژەی بەوەکرد، وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا لارییان لەکەمکردنەوەی سزاکانی سەر ئێران نییە، بەڵام ئەم هەنگاوە بەندە بەوەی تاران ئامادەی "سازشی ڕاستەقینە" بێت، مێرتس هۆشداریشیدا کە تاران "کات دەکوژێت"و پێویستە گوشارەکان بۆسەر ئەو وڵاتە زیاتر بکرێن.

لای خۆشییەوە، کایا کالاس بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا، جەختی لەوەکردەوە، نابێت گفتوگۆکان تەنها لەسەر "دۆسیەی ئەتۆمی" چڕببنەوە.

کالاس ڕایگەیاند، "بۆ پاراستنی ئاسایشی ئەوروپا، پێویستە پرسی بەرنامەی موشەکیی ئێران‌و پشتیوانی تاران بۆ گروپە چەکدارەکان لەناوچەکە بەشێکی دانەبڕاوبن لەهەر ڕێککەوتنێکی داهاتوو".

ئەم لێدوانانەی سەرکردە ئەوروپییەکان لەکاتێکدایە کە گەڕی یەکەمی دانوستانەکان لەئیسلام ئاباد بێئەنجام بوەو گەڕی دوەمیش کە بڕیاربوو لە22ی نیسان بەڕێوەبچێت، توشی ئاستەنگ بوو، ئەوروپییەکانیش دەیانەوێت دڵنیابنەوە کە هەر ڕێککەوتنێک دەکرێت، تاران بەرپرسیارێتی تەواوی کردارە ناوچەیی‌و بەرنامە سەربازییەکانی لەئەستۆبگرێت‌و ڕێککەوتنەکە تەنها وەک دەستکەوتێکی میدیایی بۆ تاران‌و واشنتۆن نەمێنێتەوە.