شارپرێس:
بەریتانیا جەختدەکاتەوە، هەرگیز دەستبەرداری سەروەری خۆی بەسەر دورگەکانی فۆکلاند نابێت، ئەمەش دوای ئەوەهات، لەئیمەیڵێکی دزەپێکراوی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکاوە پێشنیازکرابوو واشنتۆن پێداچونەوە بەپشتیوانییەکەی بۆ لەندەن بکات بەرامبەر بەخاوەندارێتى دورگەکە.
هۆکاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ هەڵوێستی بەریتانیا بەرامبەر بەململانێی ئەمریکاو ئیسرائیل بەرامبەر بەکۆماری ئیسلامیی ئێران کە بەدڵی ئیدارەی ترەمپ نییە، ئەم دزەپێکردنە کاردانەوەی توندی لەبەریتانیا لێکەوتەوە، لەحکومەتەوە تا سەرکردەکانی ئۆپۆزسیۆنو دانیشتوانی دورگەکە.
وتەبێژی کیر ستارمر سەرۆک وەزیرانى بهریتانیا ڕایگەیاند، هەڵوێستی وڵاتەکەی نەگۆڕەو سەروەریی دورگەکە بۆ بەریتانیا دەگەڕێتەوەو مافی چارەی خۆنوسینی دانیشتوانەکەی گرنگترین بابەتە.
لەبەرامبەردا، کێمی بادینۆک سەرۆکی پارتی پارێزگارانو نایجل فاراج سەرۆکی پارتی چاکسازی، جەختیانکردەوە، خاکی فۆکلاند بەریتانییەو دانوستان لەسەر چارەنوسیان ناکرێت.
هەرچەندە ئەم دزەپێکردنە بوهتە هۆی گرژیی لەپەیوەندییەکانی نێوان لەندەنو واشنتۆن، بەتایبەت پێش سەردانی چاوەڕوانکراوی شا چارڵز بۆ ئەمریکا، بەڵام داونینگ ستریت نیگەرانی خۆی لەگۆڕانی هەڵوێستی دۆناڵد ترەمپ نەشاردەوەو جەختی لەپتەوی پەیوەندییە ئەمنییەکانی نێوان هەردوو وڵات کردەوە.
حکومەتی دورگەکانی فۆکلاندیش بەتەواوی متمانەی خۆی بەبەریتانیا دەربڕیی، بەتایبەت دوای ئەو ڕیفراندۆمەی ساڵی 2013 کە تێیدا 99.8 لەسەدی دانیشتوانەکە بەبەشداریی 92 لەسەدی دەنگدەران، دەنگیان بەمانەوە وەک هەرێمێکی بەریتانیدا.
ئەم ڕوداوە لەکاتێکدایە کە ئەندامانی ئەنجومەنی لۆردانی بەریتانی هۆشداریدەدەن پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات گەیشتوهتە خراپترین ئاستی خۆی لەدوای جەنگی جیهانی دوەمەوە.
هەروەها جۆرج ڕۆبەرتسۆن سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان ئاماژەی بەوەکرد، چیتر پشتبەستنی سەربازیی بەریتانیا بەئەمریکا بەمشێوەیەی ئێستا بەردەوامنابێت.
لەگەڵ ئەوەشدا، پێدەچێت ئەمریکا بیەوێت بەم گوشارە ناڕاستەوخۆیانە کاردانەوەی بەریتانیا بەرامبەر بەسیاسەتەکانی لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تاقیبکاتەوە، بەڵام لەندەن هێشتا سورە لەسەر پاراستنی سەروەری خاکەکەییو بەهێزکردنی هاوپەیمانییەکانی.
