شارپرێس:
ئەرکانی گشتیی سوپای کوهیت لەڕاگەیەندراوێکی بهپهلهدا ئاشکرایکرد، بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، ناوچەکانی باکوری وڵاتەکە لەڕێگەی دوو درۆنی بۆمبڕێژکراوەوە کراونەتە ئامانج، دهشڵێت، "بهگوێرهى بەدواداچونە سەرەتاییەکان، لەناو خاکی عێراقەوە درۆنهكان ئاراستهى وڵاتهكهمان کراون".
لەڕاگەیەندراوەکەى ئهركانى سوپاى كوهیتدا هاتوە، "هێرشەکە هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتوەتەوە، بەڵام دەنگی تەقینەوە بەهێزەکان لەناوچە سنورییەکان بوەتە هۆی دروستبونی ترسو دڵەڕاوکێ لای دانیشتوانی ئەو ناوچانە، لهبهرامبهر ئهوهشدا، دەستبەجێ هێزەکانی پاراستنی سنورمان خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە".
سوپای کوهیت ئاماژەی بەوەشکردوە، لەڕێگەی سیستەمی چاودێریی پێشکەوتوەوە توانیویانە سەرچاوەو شوێنی هەڵدانی درۆنەکان لەناوخاکی عێراق دەستنیشان بکەن، ئێستاش لایەنە پەیوەندیدارەکان دەستیان بەلێکۆڵینەوەی ورد کردوە بۆ ئاشکراکردنی ناسنامەی ئەو گروپو لایەنانەی لەپشت هێرشەکەوەن.
ئەم پەرەسەندنە ئەمنییە لەکاتێکدایە، کە لەماوەکانی ڕابردودا چەندینجار نیگەرانی لەچالاکیی گروپە چەکدارە نافەرمییەکانی ناو عێراق دەربڕدراوە. چاودێرانیش پێیانوایە، ئەمجۆرە هێرشانە، سەرەڕای باشبونی پەیوەندییەکانی نێوان بەغداو کوهیت، جارێکی دیکە پرسی کۆنتڕۆڵکردنی سنورەکانو مەترسیی گروپە چەکدارەکان بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە دەخەنەوە بەرباس.
