شارپرێس:
بە بڕیارێکی چاوەڕواننەکراو کە لە مێژووی ئۆپێکدا بێ وێنەیە، ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی رایگەیاند کە لە 1 ئایاری 2026ەوە لە رێکخراوی ئۆپێک و ئۆپێک+ دەکشێتەوە. ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە کە ناوچەکە بەهۆی شەڕی ئێران و داخستنی گەرووی هورمزەوە بە قەیرانێکی قوڵدا تێپەڕ دەبێت، لەم بارەیەوەشەوە میدیا جیهانییەکان ئەم راڤانەیان بۆ ئەم رووداوە هەبووە:
گۆڤاری "ئیکۆنۆمیست":
ئەم بڕیارە لە کۆبوونەوەی 29ی نیسانی ئۆپێکدا گفتوگۆی لەسەر دەکرێت، هۆکاری سەرەکی بۆ ئەم هەنگاوە، ئەو زیانە گەورەیەیە کە بەهۆی شەڕی ئێران و داخستنی گەرووی هورمزەوە بەر هەناردەی وزەی ئیمارات کەوتووە، سەرەڕای ئەوەی ئیمارات سێیەم گەورە هەناردەکاری نەوتە لە ئۆپێک، بەڵام ئیکۆنۆمیست پێیوایە کشانی ئیمارات "کۆتاییهێنان بە ئۆپێک" نییە و رێکخراوەکە توانای بەردەوامبوونی هەیە.
گۆڤاری"فۆرتشن":
ئەمە گەورەترین جیابوونەوەیە لە مێژووی ئۆپێک و گورزێکی بەهێزە بۆ سعودیە. ئەم بڕیارەش دوای ئەوە هات کە ئەمریکا بە بڕی 20 ملیار دۆلار پشتیوانی دارایی بۆ ئیمارات دابین کرد، جگە لەوەی ئیمارات ماوەیەکی زۆرە لەسەر پشکی بەرهەمهێنان و سیاسەتی هەرێمی لەگەڵ سعودیە ناکۆکە.
هەروەها ئیمارات هەڕەشەی ئەوەی کردبوو ئەگەر دۆلار بەردەست نەبێت، نەوت بە یوانی چینی بفرۆشێت، کە ئەمەش هەڕەشەیە بۆ سەر "پترۆدۆلار". لەلایەکی دیکەوە، ئیمارات ناڕازییە لەوەی وڵاتانی کەنداو تەنها بەشێوەی لۆجستیکی پشتیوانییان کردووە و نەیانویستووە بە تەواوی بچنە ناو شەڕەکەوە.
لەبەرامبەردا، ئەمریکا سوپای خۆی لە بنکەی زەفرە زیاد کردووە و ئیسرائیل بۆ یەکەمجار سیستەمی "گومەزی ئاسنین"ی لە ئیمارات جێگیر کردووە.
رۆژنامەی "نیویۆرک تایمز":
ئیمارات گورزێکی کوشندەی لە ئۆپێک وەشاندووە کە دەیان ساڵە هەوڵی کۆنتڕۆڵکردنی نرخ و ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی داوە. لە ئێستادا ئیمارات رۆژانە نزیکەی 3.6 ملیۆن بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت.
ئەم بڕیارە لە کاتێکدایە کە ئیمارات پلانێکی هەیە تا ساڵی 2027 بەرهەمهێنانی خۆی بۆ 5 ملیۆن بەرمیل بەرز بکاتەوە و وەزیری وزەی ئیمارات "سوهێل مەزرووعی" جەختی کردۆتەوە کە جیهان پێویستی بە وزەی زیاترە و ئیمارات نایەوێت بە هیچ کۆمەڵەیەکەوە سنووردار بکرێت، بەڵام وەک بەرهەمهێنەرێکی بەرپرس دەمێنێتەوە.
بە گشتیی، ئەم کشاوەیە ناکۆکییە قووڵەکانی نێوان وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت و کاریگەرییە جیۆپۆلیتیکییەکانی شەڕی ئێران لەسەر بازاڕی وزەی جیهانی دەردەخات، هەرچەندە شارەزایان پێیانوایە کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر نرخەکان لەم قۆناغەدا بەهۆی کەمبوونی بەرهەم بەهۆی شەڕەوە کەم دەبێت، بەڵام لە داهاتوودا دەبێتە هۆی نائارامی زیاتر لە بازاڕەکاندا.