شارپرێس:
سەرۆکی لیژنەی دابەشکردنی غاز لەسلێمانی ڕایدەگەیەنێت، کە دۆخی غاز لەشارەکە جێگیرە و سەرجەم بریکارەکانیان ئاگادارکردوەتەوە کە پێویستە مانگانە دوو بوتڵ غاز بدەنە هەر خێزانێک.
عومەر عەبدوڵا، سەرۆکی لیژنەی دابەشکردنی غاز لە قائیمقامییەتی سلێمانی لەكۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕیگەیاند، ڕۆژانە 120 تەن غاز دەگاتە سلێمانی، جەخت دەکاتەوە کە هەر گەڕەکێک کێشەی دابەشکردنی غازی هەبێت، لیژنەکەیان بەدواداچوونی بۆ دەکەن و کارمەندی تایبەت لەگەڵ بریکارەکان دەنێرێتە ناو گەڕەکەکان بۆ چاودێریکردنی پرۆسەکە.
وتیشی، ئەم بڕیارە وەک هەوڵێکە بۆ رێگریکردن لە دروستبوونی قەیران و دڵنیابوونەوە لەوەی کە هەموو خێزانێک بەشە غازی خۆی پێدەگات.
ئاماژەی بەوەشکرد، کارمەندێک لەگەڵ بریکاری دابەشکردنەکەدا دەنێرنە ناو گەڕەکەکە بۆ ئەوەی سەرپەرشتی پرۆسەکە بکات و دڵنیابێتەوە لەوەی غازەکە بە یەکسانی بەسەر هاوڵاتیاندا دابەش دەکرێت.
ئەمە لەكاتێكدایە، لدەوای جەنگی ئەمریكاو ئێران قەیرانی كەمی غازی ماڵان لەهەرێم دروست بوو.