شارپریس:
ئاژانسی هەواڵی "فارس"ی ئێرانی باسی لەوەکردووە کە بەپێی داتا نوێیەکانی چاودێریی مانگی دەستکرد، لە ماوەی تەنها 72 کاتژمێردا 52 کەشتی، کە 31 تانکەری نەوت و 21 کەشتی بارهەڵگر بوون، لە هێڵی گەمارۆی دەریایی ئەمریکا بۆ سەر ئێران تێپەڕیون.
باسی لەوەشکردووە کە هاوکات 30 کەشتی تر بە گەرووی هرمزدا تێپەڕیون، کە 6 تانکەر و 5 کەشتیی بارهەڵگریان ئێرانی بوون.
هەروەک دەڵێت: سەرەڕای ئەوەی ئەمریکا لە 13ی نیسان گەمارۆی دەریایی ڕاگەیاند، بەڵام کۆمپانیاکانی بەدواداچوونی کەشتییەکان وەک "ڤێرتکسا" و "تانکەر تراکەرز" پشتڕاستیان کردووەتەوە کە دەیان تانکەر و ملیۆنان بەرمیل نەوتی ئێران گەمارۆکەیان شکاندووە.
جەختیشی کردۆتەوە کە لە ئێستادا گەرووی هرمز لەژێر کۆنترۆڵی تەواوی هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی ئێران دایە و هەر جوڵەیەکی دەرەکی تەنها بە مۆڵەتی ئەوان ئەنجام دەدرێت، بۆ نموونە، ئەمڕۆ تانکەرێکی گەورەی نەوتی ژاپۆنی بە هەماهەنگی لەگەڵ ئێران بە گەرووەکەدا تێپەڕی، کە ئەمەش نیشانەی گەڕانەوەی متمانەیە بۆ ئاسایشی ڕێڕەوەکە.