لێکەوتەکانى شەڕى ئێران لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی تورکیا

توێژینەوە و شیکاریی

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 42 جار خوێندراوه‌ته‌وه


بەختیار ئەحمەد ساڵح

پێشەکی
تورکیا لە ئێستادا ڕووبەڕووی یەکێک لە ئاڵۆزترین ژینگە جیۆپۆلەتیکیەکان بووەتەوە لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا، لەژێر سایەى لێکەوتەکانى شەڕى ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران. سەرەڕای گرتنەبەری سیاسەتی بێلایەنی وریایانە لەلایەن ئەنقەرەوە، بەڵام ئەم بێلایەنییە بە لەبەرچاوگرتنی پێگەی جوگرافیای و تێکەڵبوونی بەرژەوەندییە ئەمنی و سیاسییەکانی تورکیا لەگەڵ ژینگە ناوچەییەکەى، ناتوانێت خۆى بەدوور بگرێت لە کاردانەوەى قووڵی ململانێکان لەسەری. ئەم قەیرانە تاقیکردنەوەیەکی ستراتیژی فرەڕەهەند ئاشکرا دەکات کە لە دەوری سێ بەرەی سەرەکیدا دەسوڕێتەوە: سیناریۆی داڕمانی ئێران، سەرهەڵدانی هەژمونى ئیسرائیل و سەرهەڵدانەوەی هەڕەشەی کورد لەسەر تورکیا.
یەکەم: سنووری سیاسەتی بێلایەنی تورکیا
ئەنقەرە هەر لە سەرەتای پەرەسەندنی گرژییەکانەوە، سیاسەتێکی گرتۆتەبەر کە لەسەر بنەمای دوورکەوتنەوە بووە لە بەشداریکردنی ڕاستەوخۆى لە شەڕدا، ڕێبازێک کە پەیوەستە بە باوەڕى سیاسی تورکیاوە لە بەڕێوەبردنی قەیرانەکانی ناوچەکەدا. بەڵام ئەم ڕێبازە ڕووبەڕووی ئاڵنگارییەکى سەرەکى دەبێتەوە:
پشتبەستنی ناراستەوخۆ بە ناتۆ لە سیستمی بەرگری ئاسمانیدا.
قەیرانی S-400 کە پەیوەندییەکانی تورکیاى لەگەڵ ئەمریکادا گرژتر کرد.
توانای سنووردارى تورکیا بۆ ئەنجامدانی شەڕی فرە بەرەیی.
لە ئەنجامدا بێلایەنی تورکیا لە واقیعدا بێلایەنییەکی تاکتیکی ناجێگیرە، نەک بژاردەیەکی ستراتیژی درێژخایەن.
دووەم: سیناریۆی داڕمانی ئێران – ترسێکى جیۆپۆلەتیکی
سەرەڕای ڕکابەرییە ناوچەییەکان، ئەنقەرە لەبەر چەند هۆکارێک نایەوێت دەوڵەتی ئێران بڕووخێت:
دروست بوونى بۆشایی ئاسایش: داڕمانی ئێران دەتوانێت ببێتە هۆی دروست بوونى ئاژاوەی بەربڵاو لەسەر سنوورەکانى تورکیا و چالاکیی هێزە چەکدارە سنووربەزێنەکان.
قەیرانی پەنابەران: دروستبوونى لێشاوێکی بەرفراوانی پەنابەران بۆ تورکیا کە ئەگەر هەیە فشاری ئابووری و کۆمەڵایەتی زیاتر بۆ تورکیا دروست بکات.
ڕەهەندی کوردی: دەوڵەتێکی لاوازی ناوەندی لە ئێران دەتوانێت ببێتە هۆی بەهێزبوونى جوڵانەوەى نەتەوەیی کورد و دروستبوونی قەوارەی نیمچە سەربەخۆ بەدرێژایی سنوورەکان و تورکیا پێی وایە ئەم سیناریۆیە هەڕەشەی ڕاستەوخۆ لەسەر یەکگرتوویی ئاسایشی نەتەوەیی تورکیا دروست دەکات.
سێیەم: سەرهەڵدانەوەى پرسی کوردی
کورد یەکێکە لە ئاڵنگارییە هەرە هەستیارەکان بۆ ئەنقەرە، بەتایبەتی لە ژێر ڕۆشنایی بوونی پارتی ئازادى کوردستان لە ئێران کە تورکیا پێی وایە درێژکراوەی پارتى کرێکارانى کوردستانە و ئەگەر هەیە کاردانەوەکانی شەڕەکە ببێتە زیاتر بوونى پشتیوانی نێودەوڵەتى لە کورد، بوژانەوەی پڕۆژەی دروستبوونى کوردستانى گەورە و تێکدانی پرۆسەی ئاشتى لە تورکیا.  بە واتایەکی تر، تورکیا پێی وایە شەڕ دەتوانێت پرسی کورد لە پرسێکی ئەمنییەوە بگۆڕێت بۆ هەڕەشەیەکی ستراتیژیی کراوە.
چوارەم: فراوانبوونی ئیسرائیل – ئاڵنگارییەک بۆ هاوسەنگی ناوچەیی
تورکیا بە نیگەرانییەوە لە پەرەسەندنی ڕۆڵی ئیسرائیل دەڕوانێت لە ناوچەکەدا، بەتایبەتی لە سوریا، لوبنان و ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست (لە ڕێگەی هاوپەیمانی لەگەڵ یۆنان و قوبرس)دا. نیگەرانییەکانی تورکیا دەکرێت لەم خاڵانەى خوارەوەدا کورتبکرێتەوە:
گەمارۆدانی جیۆپۆلەتیکی ئەنقەرە.
کەمکردنەوەی هەژمونى دەریایی تورکیا.
دووبارە داڕشتنەوەی نەزمێکی ناوچەیی بەبێ ڕۆڵی ناوەندی تورکیا.
پێنجەم: بژاردەکانى تورکیا:
بەهێزکردنی هاوپەیمانێتییە هەرێمییەکان: پەیوەندی نزیکتر لەگەڵ وڵاتانی کەنداو پەرەپێدانی پەیوەندی لەگەڵ عێراق و سوریا.
دووبارە ڕێکخستنەوەى پەیوەندییەکان لەگەڵ ڕۆژئاوا: باشترکردنی هاوکاری لەگەڵ ناتۆ، کەمکردنەوەی گرژییەکان لەگەڵ ئەمریکا.
ستراتیژی توندوتۆڵکردنەوەى ئاسایشی ناوخۆ: لەخۆگرتنی هەڕەشەی کورد، بەهێزکردنی کۆنترۆڵی سنوورەکان.
سیاسەتێکی هاوسەنگی زیرەکانە: بەردەوامبوون لە ڕۆڵی نێوەندگیر نەک بەشداربوو، لە هەمان کاتدا کەڵکوەرگرتن لە پێگەی جیۆپۆلەتیکی خۆی.

شەشەم: هەڵسەنگاندنی ستراتیژی
پێگەی تورکیا دەتوانرێت لە هاوکێشەیەکی ئاڵۆزدا کورت بکرێتەوە: تورکیا لایەنێکی ڕاستەوخۆی شەڕەکە نییە، بەڵام یەکێکە لەو وڵاتانەی کە زۆرترین کاریگەری لەسەرە بەهۆی دەرئەنجامەکانیەوە.
خاڵە بەهێزەکان: پێگەى جوگرافی گرنگ، ئەزموونی لە بەڕێوەبردنی قەیرانە ناوچەییەکان و توانای مانۆڕی دیپلۆماسی.
خاڵە لاوازەکان: ئابووری تاڕادەیەک ناجێگیر، پشتبەستنی کەرتى بەرگرى بە ڕۆژئاوا و ئاڵنگارى ناوخۆیی (بەتایبەت پرسی کورد).
ئەنجام
تورکیا ئەمڕۆ لە بەردەم دووڕیانێکى ستراتیژیدا قەرارى گرتووە و شەڕ لەگەڵ ئێران تەنیا ململانێیەکی ناوچەیی دوور لە سنوورەکانى نییە؛ بەڵکو نوێنەرایەتی دووبارە داڕشتنەوەی هەمەلایەنەی ژینگەی ئاسایشی نەتەوەیی تورکیا دەکات. لە نێوان مەترسییەکانی داڕمان بەرەو ڕۆژهەڵات و فشارەکانی پاراستنی هاوسەنگی بۆ باشوور و ئاڵۆزییەکانی کاروباری ناوخۆ، بڕیاردەرانی ئەنقەرە دەبێت بڕیار بدەن کە ئایا دەببنە گەمەکارێکى سەرەکی لە دووبارە داڕشتنەوەی نەزمی ناوچەیی یاخود تەنها بەبێلایەنى دەمێننەوە و چاوەڕوانى لێکەوتەکانى دەکەن.