ئه‌مڕۆ ڕوداوه‌ گرنگه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كه‌ ڕوده‌دات.. ورده‌كاریى پلانه‌كه‌ى تره‌مپ ئاشكراده‌كرێت

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 3739 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ماڵپەڕی ئەکسیۆس لەزاری بەرپرسانی ئەمریکاوە بڵاویکردەوە، ئەو دەسپێشخەرییە نوێیەی ئەمریکا بۆ دەرهێنانی ئەو کەشتییە بازرگانییانەی لەگەروی هورمز گیریانخواردوە، مەرج نییە هاوڕێیەتیی ڕاستەوخۆی هێزە دەریاییەکانی ئەمریکا بۆ کەشتییەکان لەخۆ بگرێت، بەڵکو زیاتر جەخت لەسەر پاراستنیان لەمەترسیی مینە چێنراوەکان دەکاتەوە.


پاراستن لەدورەوەو ڕێڕەوی سەلامەت
بەگوێرەی ماڵپه‌ڕه‌كه‌ ئه‌مریكیه‌كه‌، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا فەرمانی دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی فراوانی بۆ دەرهێنانی کەشتییە گیراوەکان دەرکردوە، بەرپرسێکی ئەمریکی ئاماژەی بەوەکردوە، کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکا لەدەوروبەری ناوچەکەدا دەبن، ئەمەش وەک ڕێکارێکی خۆپارێزی بۆ ڕێگریکردن لەهەر هێرشێکی ئەگەریی سوپای ئێران بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان لەکاتی تێپەڕبونیان بەگەروەکەدا.

هەروەها باس لەوەکراوە، هێزە دەریاییەکانی ئەمریکا زانیاریی وردو ڕێڕەوی سەلامەت دەدەنە کەشتییە بازرگانییەکان، بەتایبەت ئەو مەسیرانەی کە دڵنیایی هەیە هێزەکانی ئێران مینیان تێدا نەکێڵاوە.

پڕۆژەی ئازادی چییە؟
ڕۆژی یەکشەممە دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاند، ئۆپەراسیۆنی پڕۆژەی ئازادی دەستیپێکردوە، ئامانجی ئەم پڕۆژەیە هاوکاریکردنی ئەو وڵاتانەیە کە لایەنگرنین لەململانێکانی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست‌و کەشتییەکانیان لەگەروی هورمزدا گیریانخواردوە، تائێستاش تاران هیچ کاردانەوەیەکی فەرمی بەرامبەر ئەم لێدوانانە نەبوە.

ترەمپ لەڕێگەی پلاتفۆرمی تروس سۆشیاله‌وه‌ ڕایگەیاندوه‌، "چەندین وڵات لەسەرتاسەری جیهانەوە داوای هاوکارییان لەئەمریکا کردوە بۆ ڕزگارکردنی کەشتییەکانیان کە هیچ پەیوەندییەکیان بەململانێکانەوە نییە"، ئەو کەشتییانەی بەبێلایەن‌و بێتاوان وەسفکردوه‌ کە تەنها دەیانەوێت بەسەلامەتی ناوچەکە جێبهێڵن.

وردەکاریی سەربازیی ئۆپەراسیۆنەکە
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتكۆم) پاڵپشتی خۆی بۆ ئەم ئۆپەراسیۆنە ڕاگەیاندوه‌ کە بڕیارە ئه‌مڕۆ دوشەممە بەکاتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەستپێبکات.

به‌گوێره‌ى بەیاننامەکەی سێنتکۆم، ئەرکی ئەم هێزە پاراستنی یەکێک لەگرنگترین شاڕێگەکانی بازرگانیی جیهانییە کە نزیکەی چارەکێکی بازرگانیی نەوتی جیهانی پێدا تێپەڕدەبێت.

پێکهاتەی سەربازیی ئەو پڕۆژەیە بریتین لەچەندین کەشتی تێکشکێنەری هەڵگری موشەکی ئاڕاستەکراو، زیاتر لە 100 فڕۆکەی جەنگیی دەریایی‌و وشکانی، سیستەمە بێفڕۆکەوانەکان لەبوارە جیاوازەکانداو 15 هەزار کارمەندی سەربازیی.

براد کوپەر فەرماندەی هێزەکانی سێنتکۆم جەختیکردەوە، ئەمە ئەرکێکی بەرگرییەو ڕەگەزێکی سەرەکییە بۆ پاراستنی ئاسایشی ناوچەکەو ئابوریی جیهان، هاوکات ئاماژەی بەوەشکرد، گەمارۆی دەریایی بەهاوشانی ئەم ئۆپەراسیۆنە بەردەوامدەبێت.

بەپەلە