دوای 16 ساڵ لەشەهیدبونی سەردەشت عوسمان.. بنەماڵەکەی دەڵێن: دۆسیەکەی دانەخراوە و کراوەیە

کوردستان

7 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 134 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەبۆنەی تێپەڕبونی 16 ساڵ بەسەر شەهیدبونی رۆژنامەنوس سەردەشت عوسمان، بنەماڵەکەی پەیامێک بڵاودەکەنەوەو داوادەکەن بکوژانی ڕاستەقینە و ئەوانەی فەرمانیان داوە دادگایی بکرێن، دەشڵێن،" سزای یاسایی و مەدەنی بکوژان دەبێت لە دادگایەکی سەربەخۆ و بێلایەندا بێت، نەک لەژێر سێبەری دەسەڵاتی بنەماڵەیی و حیزبیدا ".


دەقی پەیامی بنەماڵەی سەردەشت عوسمان:

١٦ ساڵ لە سەرکوتگەری بەردەوام.. وتاری خانەوادەی سەردەشت عوسمان لە یادی تیرۆرەکەیدا

٥ی ئایاری ٢٠٢٦، شانزە ساڵ بەسەر یەکێک لە قێزەونترین تاوانەکانی دەسەڵاتی کوردی دژ بە ئازادیی ڕادەربڕین تێدەپەڕێت. شانزە ساڵ پێش ئێستا، لە نێو جەرگەی شاری هەولێردا، سەردەشت عوسمان تیرۆرکرا. 
سەردەشت داوای ئازادی و یەکسانی و عەدالەتی کۆمەڵایتی دەکرد و نەیویست وەک "کۆیلە" بژی و بنوسێت. بە سەربەرزی و لەسەنگەری بەرگری لە خەڵک و مافەکانی خەڵک، لەسەنگەری وەستانەوە لە دژی گەندەڵکاران و سەرکوتگەران گیانی بەختکرد.

چیرۆکی ڕفاندنێک لە سێبەری پۆلیسدا:
سەردەشت عوسمان (١٩٨٧-٢٠١٠)، ئەو گەنجە ٢٣ ساڵەی خوێندکاری زانکۆ بوو، لە ٤ی ئایاری ٢٠١٠دا، لەبەردەم کۆلێژی ئاداب و لەبەرچاوی هێزە ئەمنییەکان، بە زۆری چەک ڕفێندرا. ئەو پێشتر لە وتاری "یەکەمین زەنگی کوشتنم لێدرا!" دا باسی لە هەڕەشەکان کردبوو و ڕاگری کۆلیژەکەیی و بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێری "ئەوکاوتی" لە هەڕەشەکان ئاگادار کردبوەوە.  بەڵام "سیستەمی ئەمنی" لەبری پاراستنی، ڕێگەی بۆ ڕفاندن و تیرۆرکردنی تەخت کرد.
راگری کۆلێژەکەی ئەو کات نابەرپرسیارانە لە وەڵامی سەردەشتدا وتویەتی ئەمە پەیوەندی بە ئەوەوە نیە و بەڕێوەبەری ئەوکاتی پۆلیسی هەولێریش دڵنیایی فریودەرانە بە سەردەشت دەدات کە هەولێر ئارامە.

دوای ٢٤ کاتژمێر،لە (2010-05-05) تەرمە ئەشکەنجەدراوەکەی لە مووسڵ دۆزرایەوە. ئەو فیشەکەی نرا بە نێو دەمیەوە، تەنها کوشتنی سەردەشت نەبوو، بەڵکو پەیامێکی خوێناوی بوو بۆ هەموو دەنگە ئازادەکان: "یان بێدەنگی، یان گوللە!"
 تیرۆری حەقیقەت لە ڕێگەی "سیناریۆسازی"یەوە:
دۆسیەی سەردەشت تەنها تیرۆری جەستە نەبوو، بەڵکو هەوڵێکی سیستماتیک بوو بۆ تیرۆری کەسایەتیشی. ئەو لێژنە و دادگایانەی کە پێکهێنران، لەبری دۆزینەوەی بکوژان، بوونە کارگەی دروستکردنی درۆ و چەواشەکاری. نەک هەر هەوڵیان دا ناسنامەی "ڕۆژنامەنووسی" لێ بستێننەوە تا قورسایی تاوانەکە کەم بکەنەوە، بەڵکو تۆمەتێکی قێزەوێنی ئەوتۆیان بۆ داتاشی کە خۆی ئاشکراترین بەڵگە بوو لەسەر ئەوەی دەسەڵات لە پشتی تیرۆرکرەکەیەوە وەستاوە. ئەو سیناریۆ "قەرەقۆشی"یانەی بۆ تۆمەتبارە دروستکراوەکانیش داڕێژران، هێندە لاواز بوون کە تەنانەت لە نێو هۆڵی دادگای خۆشیان شکستیان هێنا.
تەلارە بەرزەکان و ویژدانە نزمەکان:
دەسەڵاتدارانی کوردستان شانازی بە پانیی شەقام و بەرزیی تەلاری شارەکان دەکەن. بەڵام حەقیقەت ئەوەیە کە هیچ ئاسن و چیمەنتۆیەک ناتوانێت گەندەڵی، تاڵانکاری و خوێنی ڕژاوی دەنگە ئازادەکان بشارێتەوە. شارێک کە تێیدا بکوژانی ئەنفال لە سایەی پارێزبەندیی دەسەڵاتدا، لەنێو دڵی شارەکانی کوردستاندا بە ئارامی بژین، بەڵام سۆران، سەردەشت، کاوە و ویداد و دەنگە ئازادەکان... تیرۆر بکرێن، شارێکی بێ ڕۆح و مەملەکەتی بێ ویژدانیە. ئەم تەلارە بەرزانە کە لەسەر گەندەڵی، چەوساندنەوە، ستەم و سەرکوت  هەڵچنراوە ناتوانن ئۆقیانوسێک لە تاوان پاساو بدەن و بیشارنەوە.
 وێنەیەک کە ناتوانرێت بکوژرێت:
ئێستا سەیری دایک و باوک و خانەوادەی سەردەشت، کاوە، سۆران و وێداد و ئەوانیتر بکەن. ١٦ ساڵە خەریکی گێڕانەوەی چیرۆکی غەدرێکی گەورەن. ١٦ ساڵە مێژویی تاوانێکی گەورە  دەرحەق بە گەنجە ٢٣ ساڵیەکەیان بۆ کۆمەڵگە دەگێرنەوە. سەرباری ئەوەی دەسەڵات بە هەموو شێوەیەک هەوڵی تەسلیم بوون و بێدەنگکردنیان دەدات، بەڵام ئەوان وەک کێو ڕاوەستاون. بەرگەی هەموو زەخت و زۆر و هەڕەشە و چاوسورکردنەکان دەگرن، بەڵام دەستبەرداری خوێنی بە ناحەق ڕژاوی ڕۆڵەکانیان نەبوون و نابن.
دەسەڵات دەیەوێ ناوەڕۆکی ستەمکارانەی خۆی لە ژێر پەردەی “کوردایەتی”دا بشارێتەوە، ئەم چەمکە هەمیشە ئامرازێک بوە بۆ فریودان. ئەحزاب و دەسەڵاتێک لە ژێر چەتری "کوردایەتی"دا هەمان کارنامەی ڕژێمە شۆڤێنییەکان دووبارە دەکەنەوە. ڕۆژنامەوان و چالاکوان تیرۆر دەکەن یا بە یاسای چەواشەکارانە دەیانخاتە زیندان. ئیتر ئەم چەمکە کە کردویانە بە وێردی سەرزمان، ناتوانێت پاساو بێت بۆ تیرۆر، کوشتن و سەرکوتی هاوڵاتیانی کۆمەڵگەی کوردستان و سەرجەم کارنامەی ئەم دەسەڵاتە. ناتوانێت ببێت بە شوناسی هاوڵاتی بوون. ناتوانێت ببێ بە روپۆشیک بۆ شاردنەوەی گەندەڵی، ستەم، زوڵم و زۆرداری و زەوتکردنی ماف و ئازادییەکانی خەڵک.
ئەگەر دەسەڵاتێک نەتوانێت سەلامەتی خەڵک بپارێزێت، ئەگەر نەتوانێت دادوەری جێبەجێ بکات، ئەگەر نەتوانێت تاوانباران ڕوبەروی سزا بکاتەوە، ئەوا هەموو بانگەشەکانی لەسەر شەرعەیەتی یاسایی و شۆڕشگێری بە "کوردایەتیەکەشیەوە" تەنها وشەگەلی بێبنەمان.  دەسەڵاتێک کە نەک هەر هیچ یەک لەمانە نەکات، بەڵکو خۆی بە شێوەی سیستماتیک پێچەوانەکەی دەکات، ئیتر تەنانەت چەترەکەشی بێبنەما دەمێنێتەوە.
داواکارییە بنەڕەتییەکانی ئێمە لە ١٦هەمین ساڵیاددا:
لەم شانزەهەمین ساڵیادەی تیرۆری سەردەشتدا ئێمە دیسان رادەگەیەنین کە دۆسیەی سەردەشت عوسمان دانەخراوە و کراوەیە، بە سیناریۆی ریسوا کۆتایی نایەت. بۆیە دیسان پێداگری دەکەین لەسەر:
1. دادگاییکردنی بکوژانی ڕاستەقینە و ئەوانەی فەرمانیان داوە، هەروەها ئەوانەی دەیانویست بە هەڕەشە و سیناریۆسازی دۆسیەکە تێیپەڕێنن.
2. سزای یاسایی و مەدەنی بکوژان دەبێت لە دادگایەکی سەربەخۆ و بێلایەندا بێت، نەک لەژێر سێبەری دەسەڵاتی بنەماڵەیی و حیزبیدا.
دەسەڵاتی کوردی پێی وابوو بە تیرۆرکردنی سەردەشت، وشە کۆتایی دێت. بەڵام دوای ١٦ ساڵ، سەردەشت و قوربانیانی ئازادی ڕادەربرین بوون بە ناسنامەی ئازادیخوازی. دادگایی نەکردنی بکوژانی سەردەشت، واتە بەردەوامیی تیرۆر. ڕاوەستانی ئێمەش لەسەر ئەم دۆسیەیە، گەڕانەوەی شکۆیە بۆ هاوڵاتیانی کوردستان.
بەرز و بەرێز بێت یادی سەردەشت و هاوڕێیانی
بەرز و بەڕێز بێت یادی هەموو ئەو مرۆڤانەی لە پێناو  ژیان و عەدالەت و ئازادیدا گیانیان بەخشی
بەکر عوسمان
2026-05-05