شارپرێس:
لەچەند کاتژمێری ڕابردودا، هەندێک دەنگۆو زانیاریی دزەپێکراو لەناوەندە سیاسییو میدیاییەکان بڵاوبونەتەوە کە ئاماژە بەبونی ناکۆکییەکی قووڵ لەنێوان شێخ محەمەد بن زاید ئال نهیان سەرۆکی دەوڵەتی ئیماراتو شێخ محەمەد بن ڕاشد ئال مەکتوم جێگری سەرۆکو حاکمی دوبەی دەکەن.
بهگوێرهى ئەو زانیارییە دزەپێکراوانەی کە هێشتا لەلایەن سەرچاوە فەرمییەکانەوە پشتڕاستنەکراونەتەوە، جەوهەری کێشەکە پەیوەندیی بەسیاسەتی دەرەوەی ئیماراتەوە هەیە، بەتایبەتی لەبەرامبەر عەرەبستانی سعودیو وڵاتانی ناوچەکە، باس لەوەشدەکرێت کە شێخ محەمەد بن ڕاشد نیگەرانییەکی توندی بەرامبەر بەو سیاسەتە دەربڕیوە کە بوەتە هۆی دروستبونی جۆرێک لەگرژیی لەگەڵ ڕیازو وڵاتانی دراوسێ.
لەبەشێکی دیكهى ئەو زانیارییانەدا هاتوە، حاکمی دوبەی هۆشداریداوەتە سەرۆکی دەوڵەت کە ئیمارات خەریکە لەناوچەکەدا دەبێتە وڵاتێکی پەراوێزخراو، بهگوێرهى پێشبینییە دزەپێکراوەکان، ئەگەر ئەم سیاسەتە بەردەوامبێت، لەماوەی چوارساڵی داهاتودا پێگەی دیپلۆماسی ئیمارات لەچەندین وڵاتی گرنگی وەک (سعودیە، جەزائیر، لیبیا، سوریا، قەتەر، یەمەن، عومان، کوهیت، میسرو عێراق) لاواز دەبێتو ئەگەری داخستنی باڵیۆزخانەکانی ئیمارات لەو وڵاتانە لەئارادایە.
ئەم هۆشدارییانە لەکاتێکدایە کە دوبەی وەک جەمسەرێکی ئابوریی جیهانیی، زیاتر جەخت لەسەر سەقامگیریی سیاسییو پەیوەندییە کراوەکان دەکاتەوە بۆ پاراستنی بازاڕەکانی، چاودێرانیش دهڵێن، "هەر جۆرە گۆشەگیرییەکی نێودەوڵەتی یان تێکچونی پەیوەندیی لەگەڵ سعودیە، دەکرێت کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر ئابوریی هەموو میرنشینە یەکگرتوەکانی عەرەبی هەبێت".
تائێستا حکومەتی فەرمی ئیمارات هیچ ڕونکردنەوەیەکی سەبارەت بەم دەنگۆیانە نەداوە، بەڵام چاودێرانی سیاسی پێیانوایە، ئەمجۆرە هەواڵانە نیشانەی بونی ململانێیەکی ساردن لەنێوان تێڕوانینی (ئەمنی ـ سەربازیی) ئەبوزەبیو تێڕوانینی (ئابوری ـ بازرگانی) دوبەی بۆ داهاتوی ناوچەکە.
