شارپرێس:
ئەمڕۆ پێنجشەممە، کارەکانی کۆبونەوەی لوتکەی نێوان شی جین پینگ سەرۆکی چینو دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا دەستیپێکرد، چاوەڕواندەکرێت لەم لوتکەیەدا چەندین دۆسیەی گرنگ تاووتوێبکرێن، لەوانە، جەنگی ئێران، بازرگانیی، ژیریی دەستکردو تایوان.
شی جین پینگ سەرۆکی چین لەکاتی کۆبونەوەی لەگەڵ ترەمپ بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆ لەپەکین، جەختی لەوەکردەوە، جیهان شایەتی گۆڕانکاریی خێرا دەبێتو بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی نێوان پەکینو واشنتۆن لەقەبارەی ناڕۆشنیو ناکۆکییەکان گەورەترن، هەروەها هیوای خواست کە بیروڕا لەسەر دۆسیەو پرسە سەرەکییەکان بگۆڕنەوە.
ئەو وتیشی، "دڵخۆشم بەپێشوازیکردن لەترەمپ لەیەکەم سەردانی سەرۆکی ئەمریکا بۆ چین لەدوای ساڵی 2017وە، لەکاتێکدا جیهان لەبەردەم ڕێڕەوێکی جیاکەرەوەدایە".
زانیاری زیاتریداو وتی، "من باوەڕم وایە بەرژەوەندییە هاوبەشەکانمان لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتوەکان لەقەبارەی ناکۆکییەکانی نێوانمان گەورەترن، جێگیربونی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ واشنتۆن بەسودە بۆ جیهان".
شی ئهوهشى وت، "زۆر دڵخۆشم بەدیدارتان لێرە لەپەکین، ئەمە دوەم سەردانی ئێوەیە بۆ چین دوای دابڕانێکی نۆ ساڵەو کۆبونەوەی ئەمڕۆمان جێگەی سەرنجی جیهانە، ئێستا ئێمە شایەتی گەشەسەندنێکی خێرای ئەو گۆڕانکارییانەین کە لەماوەی سەدەیەکدا نەبینراون، دیمەنی نێودەوڵەتی بەکێشمەکێشێکی ئاڵۆزی نێوان گۆڕانکارییو ئاڵۆزییەکان دەناسرێتەوەو جیهانیش لەبەردەم ڕێڕەوێکی نوێدایە".
سەرۆکی چین زیاتر قسهیكردو جهختیكردهوه، "من هەمیشە باوەڕم وابوە کە بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی نێوان چینو ئهمریكا لەناکۆکییەکانمان گەورەترن، سەرکەوتنی هەر وڵاتێک دەرفەتێکە بۆ ئەوی دیكهو جێگیربونی پەیوەندییەکانی چینو ئەمریکاش، دەستکەوتێکە بۆ جیهان، بهڕێز فەخامەتی سەرۆک، من بەوپەڕی حەزەوە چاوەڕێی گۆڕینەوەی بیروڕام لەگەڵتان سەبارەت بەو پرسە سەرەکییانەی کە جێگەی بایەخی هەردوو وڵاتو جیهاننو کارکردن پێکەوە، هاوکاریی، سود بەهەردولا دەگەیەنێت، لەکاتێکدا ڕوبەڕوبونەوە زیانمان پێدەگەیەنێت، دەبێت ئێمە هاوبەش بین نەک نەیار".
بهگوێرهى تەلەفزیۆنی فەرمی "CCTV"، شی جین پینگ هۆشداریداوهته دۆناڵد ترەمپ لەدروستبونی ململانێ لەنێوان هەردوو وڵاتدا ئەگەر بەشێوازێکی هەڵە مامەڵە لەگەڵ پرسی تایواندا بکرێت، کە خاوەنی حوکمی خۆبەڕێوەبەرییەو پەکین داوای گەڕانەوەی دەکات بۆسەر خاکی خۆییو جهختیكردوهتهوه، "پرسی تایوان گرنگترین پرسە لەپەیوەندییەکانی چینو ئەمریکادا".
بهترهمپى ڕاگهیاندوه، "ئەگەر بەهەڵە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت، ڕەنگە هەردوو وڵات توشی پێکدادان ببن یان تەنانەت بچنە ناو ململانێوە، ئەمەش تەواوی پەیوەندییەکانی چینو ئەمریکا دەخاتە دۆخێکی زۆر مەترسیدارەوە".
لەلایەکی دیكهوه، ترەمپ لەو کۆبونەوەیەدا کە لەهۆڵی گەورەی گەل لەپەکین بەڕێوەچوو، وتویهتى، "ئەمە شانازییە بۆ من کە لەگەڵتانم، شانازییە بۆ من کە هاوڕێتانمو پەیوەندیی نێوان چینو ویلایەتەیەکگرتوەکانیش لەهەمیشە باشتر دەبێت، هەردوو وڵاتیش خاوەنی داهاتویەکی ناوازە دەبن".
