شارپرێس:
ڕۆژنامەی (نیویۆرک تایمز)ی ئەمریکی لەڕاپۆرتێکی شۆککەرهێنەردا، پەردەی لەسەر درزێکی قوڵ لەپەیوەندییەکانی نێوان واشنتۆنو تەلئەبیب لاداو ڕایگەیاند، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ بەئەنقەست ئیسرائیلی لەدانوستانە هەستیارەکانی لەگەڵ ئێران پەراوێزخستوە.
بهگوێرهى زانیارییەکانی ڕۆژنامەکە کە لەبەرپرسانی ئەمنیی ئیسرائیلەوە دەستیکەوتوە، ئیدارەی ترەمپ تەلئەبیبی لەزۆربەی وردەکارییەکانی پەیوەست بەئاگربەستو ڕێککەوتنی نوێی نێوان ئەمریکاو ئێران بێبەشکردوە، بەرپرسانی ئیسرائیل بەنیگەرانییەوە ئاماژە بەوەدەکەن، ڕۆڵیان لەم دانوستانە چارەنوسسازانەدا بۆ کەمترین ئاست کەمکراوەتەوە.
ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەبارودۆخێکی سەیر دەکات، ئیسرائیل کە گەورەترین هاوپەیمانی ئەمریکایە لەناوچەکە، ئێستا ناچارە بۆ زانینی ئەوەی لەپشت پەردەی دانوستانەکانی واشنتۆنو تاران دەگوزەرێت، پەنا بۆ دیپلۆماتکارانی ناوچەکەو وڵاتانی سێیەم ببات، تەنانەت نیویۆرک تایمز جەختیکردوەتەوە، ئیسرائیل "توانای هەواڵگرییو سیستمی چاودێریی" خۆی بەکاردەهێنێت بۆ سیخوڕیکردنو کۆکردنەوەی وردەکارییەکانی ئەو دانوستانانەی کە ئەمریکا لێی دەشارێتەوە.
ئەم هەنگاوەی ترەمپ وەک ئاماژەیەکی ڕون دەبینرێت بۆ ئەوەی واشنتۆن دەیەوێت بەبێ دەستێوەردان یان مەرجە پێشوەختەکانی ناتانیاهۆ، ڕاستەوخۆ لەگەڵ تاران بگاتە ڕێککەوتن.
ئەم بێمتمانەییە نوێیەی نێوان واشنتۆنو تەلئەبیب، نیگەرانیی قووڵی لای بەرپرسانی باڵای ئیسرائیل دروستکردوە کە دەبینن بۆ یەکەمجار لەژوری بڕیارە گەورەکان، دهركراونو هیچ ئاگادارییهكیان لهبارهى وردهكارییهكانهوه نییه.
