هەڕەشەیەكی ڕاستەوخۆ لەئێرانەوە بۆ ترەمپ

جیهان

5 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 574 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران هەڕەشەی ڕاستەوخۆ لەسەرۆكی ئەمریكا دەكات و دەڵێت، لەمافەکانی ئێران پاشەکشە ناکەین و ترەمپ هەر هەڵەیەك بكات وەڵاممان وێرانكەر دەبێت.
 
 
میدیای ئێران بڵاویکردەوە، محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکی شاندی دانوستاندنکاری ئێران، لەگەڵ عاسم مونیر، سوپاسالاری پاکستان کۆبوەتەوە.
 
قالیباف لەکۆبونەوەکەدا ڕایگەیاندوە،"ئێمە لەمافەکانی گەل و نیشتمانەکەمان پاشەکشە ناکەین، بەتایبەتی لەگەڵ لایەنێک کە نەڕاستگۆیەو نەجێگەی متمانەیە".
 
قالیباف ڕاشیگەیاندوە،"کۆماری ئیسلامیی ئێران وەک چۆن لەمەیدانی جەنگدا بەبوێری و بەهێزەوە بەرگری لەئێران کرد، لەبواری دیپلۆماسییشدا بەهۆشیاری و بەهێزەوە بۆ دەستەبەرکردنی مافە ڕەواکانی ئێران و دەستەبەرکردنی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی وڵات تێدەکۆشێت".
 
قالیباف باسی لەوە کردوە کاتێک جەنگەکە لەکۆتایی شوبات دەستی پێکرد، ئێران و ئەمریکا لەدانوستاندندا بون و ئێستاش واشنتن داوای دانوستاندن دەکات.
 
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لەبارەی ئەگەری دەستپێکردنەوەی جەنگیش قسەی کردو وتی،"هێزە چەکدارەکانی ئێمە لەماوەی ئاگربەستدا بەجۆرێک خۆیان ئامادە کردوەتەوە کە ئەگەر ترەمپ توشی هەڵەیەک بێت و جەنگ دەست پێبکاتەوە، بێگومان وەڵامی ئێمە بۆ ئەمریکا زۆر کوشندەترو تاڵتر دەبێت لەڕۆژی یەکەمی جەنگەکە".
 
عاسم مونیر، سوپاسالاری پاکستان دوێنێ چوە تاران و ئامانجیشی هەوڵدانە بۆ ئەوەی ئاگربەستی نێوان ئەمریکا و ئێران بگاتە رێککەوتن.

بەپەلە