شارپرێس:
ئێران لە چوارچێوەی دانوستانە سەختەکانیدا لەگەڵ ئەمریکا بۆ کۆتاییھێنان
بەو جەنگەی کۆتایی شوباتی ڕابردوو دەستی پێکرد و لە نیساندا چووە بواری
ئاگربەستەوە، پێداگری لەسەر ئازادکردنی داراییە سڕکراوەکانی لە دەرەوە دەکات.
سەرچاوەیەک بە ئاژانسی "تەسنیم"ی ئێرانی ڕاگەیاندووە کە هیچ
لێکتێگەیشتنێک لەگەڵ واشنتۆن نابێت مەگەر بەشێکی دیاریکراوی ئەو پارانە لەم قۆناغە
یەکەمەدا ئازاد بکرێت، هەروەها داوای
میکانیزمێکی ڕوون کراوە بۆ دەستەبەرکردنی بەردەوامی پرۆسەکە و ئەمەش بە نێوەندگیری
پاکیستان و هەندێک وڵاتی ناوچەکە گەیەندراوە.
بەپێی ماڵپەڕی "ئێران ئینتەرناشناڵ" قەبارەی سەرمایە بلۆککراوەکانی
ئێران لە نێوان 100 بۆ 120 ملیار دۆلاردایە و بەپێی سەنتەری توێژینەوەی کۆنگرێسیش،
ئەم داراییانە هەژماری بانکی، خانوبەرە و موڵکی دیکە دەگرێتەوە کە لە چەندین وڵات
و بەتایبەت چین و هیندستان دابەشبوون، لە کاتێکدا تەنها نزیکەی 2 ملیار دۆلاری لە
ئەمریکایە.
ئەم ملیاران دۆلارە گرنگییەکی بێوێنەی بۆ ئابووری ئێران هەیە کە بەهۆی
گەمارۆکانی ئەمریکا لەسەر بەندەرەکانی لەم هەفتانەی دواییدا تووشی گورزی کوشندە
بووە، سەرەڕای ئەوەی پێشتریش بەدەست هەڵاوسانی بەرز و دابەزینی بەهای دراوەکەیەوە
دەیناڵاند.
هەر بۆیە محەمەد باقر قالیباف
سەرۆکی پەرلەمان و گەورە دانوستانکاری ئێرانی لە نیسانی ڕابردوودا لەسەر تۆڕی ئێکس
نووسی کە دەبێت پێش دەستپێکردنی هەر گفتوگۆیەک لە ئیسلام ئاباد، داراییە
سڕکراوەکان ئازاد بکرێن، دواتریش ڕاپۆرتەکانی سەبارەت بە ڕەزامەندی واشنتۆن بۆ
ئازادکردنی بەشێکیان لەلایەن ئیدارەی ترەمپەوە بە خێرایی ڕەتکرانەوە.
ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی