شارپرێس:
دەستەی دەستپاکی عێراق ئاشكرایكرد، یەزن مەشعان جبوری بەناوی ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیرانەوە بڕی 41 ملیار دیناری لە هاوڵاتییەک وەرگرتوەو دەشڵێت، سزای پێنج ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنراوە.
دەستەی دەستپاکی عێراق لەڕاگەیەندراوێكدا ڕایگەیاند، دادگای ناوەندیی تاوانەکانی بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی، سزای پێنج ساڵ زیندانیی توندی بۆ تۆمەتبار یەزن مەشعان ڕەکاز جبوری دەرکردوە.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی دەستەی دەستپاکی، یەزن مەشعان جبوری فێڵی لەسکاڵاکارێک کردوەو پلەی ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیرانی بەكارهێناوە.
هەر بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكە، لێکۆڵینەوەکانی دادگا دەریدەخەن کە تۆمەتبارەکە لەساڵی 2024ـدا بانگەشەی ئەوەی کردوە کە خاوەن هەژمونەو دەتوانێت کێشەکانی سکاڵاکارەکە چارەسەر بکات و پێگەی ساختەی بەکارهێناوە بۆ ئەوەی بڕە پارەیەکی زۆر لەو هاوڵاتییە بستێنێت، بەڵام دواجار بەڵگەکان ڕاستی و دروستیی فێڵەکەیان بۆ دادگا سەلماندوە.
دادگای ناوەندیی تاوانەکانی بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی وردەکاریی تەواوی بەڵگەنامەکانی ناو دۆسیەکەی بینیوەو بڕیاریداوە یەزن مەشعان جبوری بەئەنقەست و بەمەبەستی دەستبەسەرداگرتنی سامانی خەڵک ئەو فێڵەی کردوە.
