ئەوروپا گڵۆپی سەوزی بۆ عێراق داگیرساندو ده‌ڵێت: بڕى پارە دزراوەکان زۆر زۆره‌

عیراق

17 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 3304 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

هەنگاوەکانی عێراق بۆ گێڕانەوەی پارە دزراوەکان‌و ده‌ستگیركردنى گه‌نده‌ڵكاران سەرنجی ئەوروپاى بۆلاى خۆى ڕاكێشا، باڵیۆزى یەکێتیی ئەوروپا-ش له‌به‌غدا دەڵێت، "نیشانەکان باشن، بەڵام بڕی پارە ونبوەکان هێندە زۆرە کە پێویستی بەکارو کاتی زیاترە".


کلیمنس سێمتنەر باڵیۆزى یەکێتیی ئەوروپا لەعێراق جەختیکردەوە، ئاماژەی ئەرێنی تۆمارکراون لەبارەی ئەدای حکومەتی عێراق لەپرسی گێڕانەوەی پارەدا.

سێمتنەر ده‌ڵێت، "ئەو ئاماژانەی لەئەدای حکومەتی نوێوە بەدەستگەیشتون لەبارەی گێڕانەوەی پارەو ده‌ستگیركردنى گه‌نده‌ڵكاران لەماوەیەکی کەمدا، ئەرێنی‌و باشن".

وتیشى، "لەئێستادا ناتوانین بڕیاری کۆتایی لەسەر ئاماژەکان بدەین، بەڵکو هێشتا کارێکی زۆر ماوە بۆ گێڕانەوەی پارەکان، چونکە بڕی پارەکان زۆر گەورەیە، بۆیە هێشتا چاوەڕوانین".

ئه‌وه‌شى وت، "به‌گوێره‌ى پەیوەندییەکانمان لەگەڵ هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانمان‌و هاوکارانمان لەنێردە دیپلۆماسییەکاندا، نیشانەی باش هەن‌و دەکرێت ڕاپۆرت پێشکەشبکرێت بۆ پاڵپشتیکردنی حکومەتی عێراق تا بتوانێت پارەی زیاتر بگێڕێتەوە".