چوارچێوەی هەماهەنگی پشتیوانى بۆ زەیدیی ڕاگه‌یاندو له‌باره‌ى ته‌رمى خامنه‌ییه‌وه‌ په‌یامێك بڵاوده‌كاته‌وه‌

عیراق

15 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2781 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

چوارچێوەی هەماهەنگی داوا لەلایەنگرانی دەکات، بەشدارییەکی بەرفراوان بکەن لەبەڕێکردنی تەرمی خامنەیی له‌ناوخاكى عێراق، هاوكات پشتگیریی خۆیشى بۆ پرۆسەی "ئۆپه‌راسیۆنى بەرەبەیان" ڕاگه‌یاندو جه‌ختده‌كاته‌وه‌، "ده‌بێت وڵات له‌گه‌نده‌ڵكاران پاكبكرێته‌وه‌".


چوارچێوەی هەماهەنگی له‌په‌یامێكدا، داوای لەلایەنگرانی کردوه‌ بەشدارییەکی بەرفراوان بکەن لەڕێوڕەسمی بەڕێکردنی تەرمی عەلی خامنەیی ڕێبەری پێشوى ئێران، لەناوخاکی عێراقدا، هاوکات پشتگیریی خۆیشی بۆ هەوڵەکانی بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی‌و پرۆسەی "ئۆپه‌راسیۆنى به‌ره‌به‌یان" دوپاتکردەوە.

ئەمیندارێتی گشتیی چوارچێوەی هەماهەنگی لەڕاگه‌یه‌نراوێكدا ده‌ڵێت، "چوارچێوەی هەماهەنگی کۆبونەوەی خولیی خۆی (ژمارە 282)ى بەئامادەبونی عەلی زەیدیی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانى عێراق سازکرد.

هه‌ر له‌و ڕاگه‌یه‌نراوه‌دا ئاماژه‌ به‌وه‌شكراوه‌، ئامادەبوانی کۆبونەوەکە پشتگیریی خۆیان بۆ هەنگاوەکانی حکومەت‌و دەسەڵاتی دادوەریی دەربڕیوه‌ کە متمانە بۆ پرۆسەی سیاسیی دەگێڕێتەوەو جەختیان لەسەر پێویستی بەردەوامبونی ئەو هەوڵانەو پاککردنەوەی دامەزراوەکانی دەوڵەت لەگەندەڵکاران‌و کەمتەرخەمەکان‌و ڕاگرتنی بەهەدەردانی ماڵی گشتیی کردەوە.

پێشتر حکومەتی عێراق ڕەزامەندیی دەربڕیبوو لەسەر داواکارییەکەی ئێران بۆ سازکردنی ڕێوڕەسمی بەڕێکردنی تەرمی عەلی خامنەیی لەعێراق لەڕۆژی 8ی تەمموزی داهاتودا، لەکاتێکدا وه‌فده‌كانى ئێران گەیشتونەتە پارێزگاکانی نەجەف‌و کەربەلا بۆ بەدواداچونی ئامادەکارییەکان، هاوكات چوارچێوه‌ى هه‌ماهه‌نگى داواى له‌لایه‌نگرانى كردوه‌، سه‌رجه‌میان به‌شداریى له‌ڕێوڕه‌سمه‌كه‌دا بكه‌ن.

بەرەبەیانی ڕۆژى یەکشەممە، هەڵمەتێکی دەستگیرکردن دەستیپێکرد کە بەرپرسانی سیاسیی، پەرلەمانتاران‌و بازرگانانی گرتوه‌ته‌وە لەچوارچێوەی هەڵمەتی دژە گەندەڵیدا، کە عەلی زەیدیی سەرۆک وەزیران لەکاتی کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا بە"قۆناغی یەکەم" لەڕێکارە بەرفراوانەکان بۆ گێڕانەوەی ماڵی گشتیی ناوى برد لەگەڵ ڕاسپاردنی دەزگا چاودێرییەکان بۆ وەرگرتنی هەر ئاماژەیەک کە پەیوەندیی بەکەیسەکانی گەندەڵی یان کەمتەرخەمی لەدامەزراوەکانی دەوڵەتدا هەبێت.