شەڕ و پێكدادان لە چەند ناوچەیەكی رۆژهەڵاتی كوردستان بەردەوامە

ڕاپۆرت

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1151 جار خوێندراوه‌ته‌وه

 شارپرێس:

تادێت روبەڕوبوونەوە چەكدارییەكان لە رۆژهەڵاتی كوردستان فراوانتر دەبن و ناوچەی زیاتر دەگرنەوە و ژمارەی شەهید و كوژراو و برینداریش روو لە زیادبوونن.

بەگوێرەی سەرچاوەكان لە رۆژهەڵاتی كوردستان لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا شەڕ و پێكدادان لەنێوان هێزە كوردییەكان و سوپای پاسداران لە پاوە، مەریوان، بانە، مەهاباد و پیرانشار روویداوە.

دواین پێكدادانی قورس شەوی رابردوو لە شاری پاوەی سەر بە كرماشان لەنێوان هێزەكانی سوپای پاسداران  و هێزە كوردییەكاندا روویداوە.

میدیای دەوڵەتی ئێران ئاماژەی بە كوژرانی دوو ئەندامی سوپای پاسداران كردووە لە ئەنجامی هێرشێكی چەكداریدا.

لەم چوارچێوەیەدا بەگوێرەی زانیارییەکانی شارپرێس، هێزی زاگرۆس هێرشەکەی ئەنجامداوە.
دوو ئەندامی سوپای پاسداران بەناوەكانی خالید خالیدی و بورهان كریسانی كوژران و دوو ئەندامی دیكەی پاسدارانیش برینداربوون.
 
هاوكات هەندێك سەرچاوەی دیكە باس لەوە دەكەن ژمارەی كوژراو و بریندارەكانی سوپای پاسداران لە شەڕەكەی پاوە زیاترە لەوەی راگەیەندراوە.

لەبارەی پێكدادانەكانی سنوری مەهاباد یەكینەكانی پاراستنی رۆژهەڵاتی كوردستان باڵی سەربازی پارتی ژیانی ئازادی كوردستان ئاشكرایكردووە لە هێرشی سوپای پاسداران بۆ سەر هێزەكانیان لە سنوری مەهاباد چوار گەریلا كە دوو ژن و دوو پیاون شەهیدبوون و ژمارەیەكی زیاتریش لە سوپای پاسداران كوژراون و برینداربوون.

دەربارەی شەڕەكەی بانە كە لە بازگەی رێگای بانە بۆ سەقز روویداوە، سەرچاوەكان دەڵێن،" دوو ئەندامی سوپای پاسداران بەناوەكانی ماردین ئەحمەدی و محەمەد حوسێن بەیگی كوژران و چوار ئەندامی دیكەی سوپای پاسداران و هاوڵاتییەكی سڤیلیش برینداربوون".

دەربارەی شەڕەكەی مەریوان، ئەندامێكی پاسەوانی سنوری سەر بە ئێران بەناوی دانیال نورییان كوژراوە.
 
 لەبارەی ئەو رەوشە نوێیەی لە رۆژهەڵاتی كوردستان هاتوەتەئاراوە رێبوار ئاودانان وتەبێژی پەژاك لەتۆڕی ئێكس دەڵێت، لە بەرامبەر هەر هێرشێكدا كە بكرێتە سەر نەتەوەی كورد و هێزەكانی پەژاك، بەكارهێنانی مافی خۆپاراستن چی لە لایەن یەكینەكانی پاراستنی ڕۆژهەڵاتی كوردستان (یەرەكە) و چی لە لایەن هێزە خۆڕێكخراوە جەماوەرییەكانەوە، بەتەواوەتی ڕەوا و یاسایییە.

هاوكات یەرەكە لەراگەیەندراوێكدا هەڕەشەی وەڵامدانەوەی هێرشەكانی سوپای پاسدارانی كردووە.