شارپرێس:
تونجەر باكرهان هاوسەرۆكی گشتی دەم پارتی لە كۆبوونەوەی هەفتانەی فراكسیۆنی پارتەكەی لە پەرلەمانی توركیا لەبارەی كۆنگرەی ناتۆ لە ئەنكەرە رایگەیاند، كۆبوونەوەكانی ناتۆ سەبارەت بە ئاڕاستە جیهانییەكان شتی گرنگ دەردەخەن، لە جیهاندا ئیتر سیستەمی بنەماكان هەرەس دەهێنێت و گوێ بە پێوەرەكان نادرێت، هەركەسە و بەپێی هێزی خۆی دەجوڵێتەوە. باسی لەوەكرد "كە تا بێ پێوەری زیاد بێت، زمانی شەڕیش ئاسایی دەبێتەوە و لە دۆخێكی وەهادا دەبێت بپرسین ناتۆ بەكەڵكی چی دێت."
تونجەر باكرهان رونیكردەوە "ناتۆ سەردەمانێك وەك هاوپەیمانییەكی بەرگری دامەزراوە، بەڵام ئێستا گۆڕدراوە بۆ هەژموونگەرییەك و ئامرازێكی شەڕ. بۆ ئەوەی مرۆڤ لەو شتانە تێبگات كە ڕوودەدەن، دەبێت سەیری كۆبوونەوەكانی ناتۆ بكات".
باكرهان ئاشكراشیكرد "بڕیارە گەورەكان هەموویان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تاقیدەكرێنەوە. ئێمە ئەم كۆبوونەوەیە وەك بەردەوامیی كۆنسێپتی ناتۆی ٢٠٣٠ دەبینین كە پێشتر بڕیاری لەسەر دراوە. ئێمە وەك زنجیرەی نوێی شەڕ و ئاسایش دەیبینین." دەشڵێت "ئێمە باس لە كۆبوونەوەیەك ناكەین كە ئازادی زیاتر، دیموكراسی زیاتر و ئاشتی زیاتر بۆ گەلان بهێنێت. ئێمە باس لە كۆبوونەوەیەكی پێچەوانەی ئەمە دەكەین. ئەم كۆبوونەوەیە چەكی زیاتر، بەرەی زیاتر، فرمێسكی زیاتر و ئازاری زیاتر دەهێنێت. لە ئەنكەرە كۆبوونەوەی ئەو كەسانە دەكرێت كە بەرەی نوێ پێك دەهێنن، بەڵام ئێمە لێرە دەبینە دەنگی چەوساوەكان، ڕەنجدەران، گەنجان و ئاشتی. ئێمە نامانەوێت بەرەی نوێ بكرێتەوە و شەڕی لەم شێوەیە بكرێت. ئێمە ناڕەزایەتی دەردەبڕین و ئەمە قبوڵ ناكەین."
هەروەها باكرهان زیاتر رونیكردەوە "كۆبوونەوەكە هێشتا دەستی پێنەكردووە، بەڵام ئەو شتانەی باسمان كرد پشتڕاست كرانەوە. ئەنكەرە خەریكە دەگۆڕێت بۆ زیندانێكی كراوە. چەند ڕۆژێكی تر خۆمان دەیبینین. ئاخۆ ئەنكەرە ئامادەكاری بۆ كۆبوونەوەیەك دەكات یان بۆ شەڕێك؟ باوەڕ بكەن ئێمە تێناگەین. گەر لەدەستیان بێت دەڵێن پەنجەرەی ماڵەكانیشتان مەكەنەوە. لەم گەرمایەدا بێ هەناسەمان دەهێڵنەوە. ئەم شارە گەورەیە، تەنها بۆ تێپەڕبوونی چەند ئۆتۆمبێلێكی پرۆتۆكۆڵ دادەخرێت
".
