یەرەكە شەهیدبوونی چوار گەریلا و كوژرانی ژمارەیەك پاسداری لە مەهاباد راگەیاند

کوردستان

5 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 229 جار خوێندراوه‌ته‌وه

 شارپرێس:

یەكینەكانی پاراستنی ڕۆژهەڵاتی كوردستان یەرەكە   باڵی سەربازی پارتی ژیانی ئازادی كوردستان پەژاك لەراگەیەندراوێكدا لەبارەی پێكدادانە چەكدارییەكەی سنوری مەهابادی رۆژهەڵاتی كوردستان رایگەیاند، لەم هێرشانەدا، چوار هاوڕێمان (دوو هەڤاڵی ژن و دوو هەڤاڵی پیاو) شەهیدبوون؛ هەروەها ژمارەیەك كوژراو و بریندار لە ڕیزەكانی سوپای پاسداران هەبوون.

یەرەكە لە راگەیەندراوەكەیدا دەڵێت "وەك گەلەكەمان و ڕای گشتی دەزانن، لەم دواییانەدا هێرشەكانی هێزەكانی سوپای پاسدارانی ڕژێمی ئێران بۆ سەر هێزەكانمان، لە زۆر لایەنەوە ڕوویان داوە. ئێمە وەك یەكینەكانی پاراستنی رۆژهەڵاتی كوردستان  (یەرەكە) هەمیشە ئەنجامی ئەم هێرشانەمان بۆ ڕای گشتی و گەلەكەمان ئاشكرا كردووە. بەتایبەت ئێمە ئەمە ڕوون دەكەینەوە كە وەك یەرەكە، لەگەڵ دروستبوونی هێرش و شەڕ لەسەر ئێران، هەمیشە لە چوارچێوەی سیاسەت و هێڵی سێیەمی خۆماندا هەڵوێستمان نیشان داوە. ئێمە نەبووینە لایەنگری هیچ هێزێك و هیچ هێرشێكمان نەكردووەتە سەر ڕژێمی ئێران. لە لاوازترین دۆخی ئێرانیشدا، ئێمە پشتمان بە هێز و هێڵی خۆمان بەستووە".

یەرەكە ئاشكرایكردووە "بەم ڕێككەوتنانەی دوایی لەگەڵ ئەمریكا، هێزەكانی ئێران هێرشەكانی خۆیان بۆ سەر گەل و هێزەكانمان زۆر زیاتر كردووە. ئەوان سوود لەم دۆخە هەنووكەیییە وەردەگرن و هێزەكانمان دەكەنە ئامانجی هێرشەكانیان. گەلەكەمان و ڕای گشتیش دەزانن؛ لە شەوی ٢٧ـی مانگی حوزەیرانەوە تا ئێستا، لە ناوچەی مەهاباد، گوندی گاگێش و دەوروبەری، ئۆپەراسیۆنێكی سەربازیی دەستی پێكردووە".

دەشڵێت "لەم ئۆپەراسیۆنەدا، بەپێی ئەو زانیارییانەی لەبەردەستماندان و ئەو زانیارانەش كە لە ناوچەكەوە بەدەستمان گەیشتوون، هێزێكی گەورە بە چەكی قورسەوە هێرشیان كردووەتە سەر هێزەكانمان. لەم هێرشانەدا هێزەكانی سوپای پاسداران كوژراو و برینداریان هەبووە و زیانیان پێگەیشتووە. لە هەمان كاتدا، چوار هاوڕێی ئێمە كە دووهەڤاڵی ژن و دوو هەڤاڵی پیاو بوون، تا كۆتا دڵۆپی خوێنیان بەرگرییان كردووە و قارەمانانە شەهیدبوون".

 هاوكات رێبوار ئاودانان وتەبێژی پەژاك لەتۆڕی ئێكس رایگەیاند، لە بەرامبەر هەر هێرشێكدا كە بكرێتە سەر نەتەوەی كورد و هێزەكانی پەژاك، بەكارهێنانی مافی خۆپاراستن چی لە لایەن یەكینەكانی پاراستنی ڕۆژهەڵاتی كوردستان (یەرەكە) و چی لە لایەن هێزە خۆڕێكخراوە جەماوەرییەكانەوە، بەتەواوەتی ڕەوا و یاسایییە.