دادگای فیدراڵی تانەیەکی دانا ئەحمەد مەجیدی رەتکردەوە

کوردستان

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 799 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
دادگای فیدراڵی عێراق تانەیەکی دانا ئەحمەد مەجیدی رەتکردەوە کە تانەکەی تایبەت بوو بە رەتکردنەوەی ئەندامێتی لە کۆنفرانسی بزوتنەوەی گۆڕان کە لەکەرکوک سازکراو دانا ئەحمەد مەجید وەک رێکخەری بزوتنەوەی گۆڕان هەڵبژێردراو دواتر ئەنجومەنی کۆمسیارانی هەڵبژاردن ئەندامێتی دانا ئەحمەد مەجیدی رەتکردەوە.


دادگای فیدراڵی عێراق لەوەڵامی تانەکەی دانا ئەحمەد مەجید ئاماژەی بەوەکرد،" ئەو پرسە لە تایبەتمەندی ئێمەدا نیە و دەبێت بڕیاری دادگای باڵای هەڵبژاردنەکان لەبارەی رەتکردنەوەی ئەندامێتی دانا ئەحمەد مەجید لە بزوتنەوەی گۆڕان وەک خۆی جێبەجێبکرێت ".

ئەمەش لەکاتێکدایە، لە 23ى 4ى 2026 دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەکان لەبڕیارێکی فەرمیدا ئاماژەی بەوەکردبوو،" پەیوەستبونی دانا ئەحمەد مەجید بە ئەندامێتی بزوتنەوەی گۆڕان بەپێی وەکالەتنامەیەک بووە کە لەلایەن بریکاردەر "نەوشیروان مستەفا ئەمین"ەوە دەرچوە، کە کۆچی دوایی ناوبراو لە ڕێکەوتی 19ى 5ى 2017 سەلمێنراوە، لەبەر ئەوەی وەکالەتنامە بە کۆچی دوایی بریکاردەر کۆتایی پێدێت، ڕەفتارەکانی بریکار (بریکاردار) دوای کۆچی دوایی بریکاردەر پوچەڵ دەبێت و لە ڕوی یاساییەوە پشتی پێ نابەسترێت ".