شارپرێس:
ڕۆژنامەی "Sözcü"ی تورکی بڵاویکردۆتەوە، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری
تورکیا، بە شێوەیەکی شەخسی دەستوەردانی لە وردەکارییەکانی گرێبەستی محەمەد سەڵاحی
میسری لەگەڵ یانەی بێشیکتاشی تورکیدا کردووە.
رۆژنامەژە ئاماژەی بەوەکردووە کە ئەردۆغان داوای زانیاریی تەواوی لە سەردال
ئەداڵی، سەرۆکی یانەی بێشیکتاش کردووە سەبارەت بە چۆنیەتی بەڕێوەچوونی دانوستانەکان
لەگەڵ ئەستێرە میسرییەکە و بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ چاودێریی پڕۆسەی گواستنەوەی سەڵاح
بۆ بێشیکتاش دەکات.
بەرپرسانی یانەکە پێیان وایە پشتگیریی ناڕاستەوخۆی حکومەت دەبێتە هۆی
ئاسانکاریی بۆ تێپەڕاندنی ئەو ئاستەنگە داراییە گەورانەی کە گرێبەستێکی لەم شێوەیە
پێویستی پێیەتی. بێشیکتاش تەنها بەدوای نازناوە ناوخۆییەکاندا ناگەڕێت، بەڵکو
ئامانجیەتی ببێتە هێزێکی باڵا لەسەر ئاستی کیشوەرەکەش.
هەمان ڕۆژنامە ئاماژەی بەوە کردووە کە ڕۆژنامەنووس و بێژەری تورک، ئەردۆغان
ئاکتاش، بە ئاشکرا ڕایگەیاندووە کە سەڵاح ڕۆژی چوارشەممە دەگاتە ئەستەنبوڵ بۆ ئەوەی
کۆتا دەستکارییەکانی گرێبەستەکەی لەگەڵ بێشیکتاش ئەنجام بدات.
ئەگەر ئەم گرێبەستە سەربگرێت، دەبێتە
گەورەترین پڕۆسەی گواستنەوە لە مێژووی خولی تورکیادا لە ڕووی بەهای بازاڕ و جەماوەرییەوە.
ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی
