شارپرێس:
لەکاتێکدا کە گۆڕانکارییەکانی ڕۆژئاواى كوردستان بەرەو قۆناغێکی نوێ هەنگاو دەنێن، جارێکی دیكه ناوی عەبدوڵڵا ئەلموحەیسینی داوەری شەرعی پێشوی ڕێکخراوە توندڕەوەکان، وەک نمونەیەکی دیاری بازرگانیکردن بەسۆزی گەنجانو گۆڕانكاریى لهدەرونی مێردنداڵان دێتەوە بەرباس، موحەیسینی کە ڕۆژانێک بەگوتارە حەماسییەکانی سەدان گەنجی بەرەو پهلامارى خۆکوژی بەڕێدەکرد، ئێستا لەناوچەی ئیدلب لەژێر گۆشەگیرییەکی توندی سیاسییو سەربازیدا دەژییو فەتوا شەرعییەکانی بۆ پاراستنی مانەوەی خۆی گۆڕیوە.
لەباوەشی مەککەوە بۆ بەرەکانی جیهاد
عەبدوڵڵا محەممەد ئەلموحەیسینی کە لەژینگەیەکی ئاینیی دەوڵەمەند لە(شاری برێدە)ی سعودیە گەورە بوەو باوکی قاریئێکی ناسراوی قورئان بوە، پێگەی ئەکادیمی خۆی (دکتۆرا لەفیقهی بەراوردکاریی) بەکارهێنا بۆ شەرعیەتدان بەتوندڕەویی، دوای چونە ناو سوریا لەساڵی 2013، ناوبراو لەژێر پەردەی (دادوەری سەربەخۆ)و ناوبژیوان، بوو بەیەکێک لەداڕێژەرانی سەرەکی ستراتیژی شەرعی بەرەی نوسرەی سەر بەڕێکخراوی قاعیدە لەسوریا.
پیشەسازیی مەرگ: ڕاوکردنی منداڵانو لاوازەکان
ڕاپۆرتە ئەمنییەکان ئاشکرایدەکەن، ستراتیژیی سەرەکی موحەیسینی، کارکردن بوە لەسەر نەوەی نوێو ئەو گەنجانەی کە بەدەست کێشەی دەرونی، ناسنامە یان کەسایەتی لاوازەوە دەیانناڵاند، لەساڵی 2016دا، ناوبراو کەمپینی (انفروا ـ بەرەو جەنگ بەڕێبکەون)ی بەڕێوەبرد کە بەئاشکرا ئامانجی ڕاکێشانو پڕچەککردنی سێ ههزار منداڵی خوار تەمەن 18 ساڵ بوو.
شایەتحاڵەکانو فیلمە دۆکیۆمێنتارییەکان نیشانیدەدەن، کە چۆن موحەیسینی لەکاتی بەڕێکردنی گەنجان بۆ (کردەوە خۆکوژییەکان) یاری بەسۆزیان دەکردو بەڵێنی "حۆرییەکانی بەهەشت"ی پێدەدان، لەکاتێکدا ڕەخنەگران هەمیشە دەپرسن بۆچی خۆی یان کوڕەکانی پێشەنگی ئەو کاروانە نەبونو لەپشت بەرەکانی جەنگەوە خەریکی چێژوەرگرتن لەژیانی خۆیان بون.
سزای نێودەوڵەتیو ڕاکردن لەهاوپەیمانەکان
ئەم كردهوه توندڕەوییانە وایکرد کە لەتشرینی دوەمی 2016دا، وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا ناوی بخاتە لیستی تێرۆری نێودەوڵەتیو دواتریش لەلایەن چوار وڵاتی عەرەبییەوە خرایە لیستی داواکراوانەوە، پاشەکشەی ڕاستەقینەی موحەیسینی لەساڵی 2017دا دەستیپێکرد، کاتێک دوای ناکۆکی قوڵو ئاشکرابونی دەنگە تۆمارکراوەکانی سەرکردایەتی دەستەی تەحریر شام (ههتهشه) کە سوکایەتییان پێکردبوو، ناچاربوو جیابونەوەی خۆی ڕابگەیەنێت.
دۆخی ئێستا: وەرچەرخانی گوتار بۆ مانەوە
بهگوێرهى دوایین زانیارییەکان لەئیدلب، موحەیسینی ئێستا تەواوی پێگە سەربازییو کارگێڕییە ڕێکخراوەییەکانی لەدەستداوە، ئەو لەچەندین هەوڵی كوشتن لەڕێگەی تەقینەوەوە ڕزگاری بوەو ئێستا وەک بانگخوازێکی سۆشیاڵ میدیا لەتێلیگرامو یوتیوب کاردەکات.
چاودێران ئاماژە بەپاشەکشەیەکی گەورە لەئایدۆلۆژیای ناوبراو دەکەن؛ ئەوکەسەی کە کاتی خۆی، دیموکراسیو پرۆسەی مەدەنی بەکوفر دەزانی، ئێستا بەهۆی گۆڕانی هاوسەنگی هێزەکان لەناوچەکەو بۆ پاراستنی ژیانى خۆی، گوتارێکی نەرمتر پێشکەشدەکاتو باس لەکۆدەنگی نیشتمانیی دەکات، ئەمەش جارێکی دیكه ڕاستی ئەو لێکدانەوانە دەسەلمێنێت کە ئەمجۆرە كهسانه تەنها بۆ بەرژەوەندییو مانەوەی خۆیان ئاینیان وەک ئامرازێک دژی گەنجانی بێئاگا بەکارهێناوە.
پێگەی لەحکومەتهكهى شەرع
حکومەتی نوێی سوریا بەسەرۆکایەتی ئەحمەد شەرع، لەکاتی پێکهێنانییەوە لەسەرەتای ساڵی 2025، هەوڵدەدات پێناسەیەکی مەدەنی، نیشتمانیو دیپلۆماسی بەخۆی ببەخشێت بۆ ئەوەی لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیو وڵاتانی عەرەبییەوە دانی پێدابنرێت، لەبەرئەوە، ناوی عەبدوڵڵا ئەلموحەیسینی لەهیچکام لەوەزارەتەکان یان دامەزراوە کارگێڕییەکانی حکومەتدا نییە، هۆكارهكهشى ئهوهیه، ناوى موحەیسینی لەناو لیستی تیرۆری نێودەوڵەتیی ئەمریکاو وڵاتانی کەنداودایه، هێشتنەوەی لەدەسەڵاتدا زیانی گەورە بەپێگەی سیاسیی شەرع دەگەیەنێت کە ئێستا دەیەوێت پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی ئاسایی بکاتەوە.
هۆکاری دەرکەوتنی لەدیمەنە نوێیەکانو پێشوازیی لێکردنی
ئەو ڤیدیۆو دیمەنانەی کە تێیدا دەردەکەوێت موحەیسینی پێشوازی لێدەکرێت، پەیوەندی بەپۆستی دەوڵەتییەوە نییە، بەڵکو موحەیسینی پەیوەندییەکی دێرینی لەگەڵ ئەحمەد شەرعو فەرماندە سەربازییەکانی عهرهب لهباکوری سوریا (ڕۆژئاواى كوردستان) هەیە، دوای ڕوخانی ڕژێمی پێشوو ئەو وەک کەسایەتییەکی ئاینیی ناسراو سەردانی هەندێک لەبەرپرسانی نوێی کردوەو ڤیدیۆکانی لەسۆشیاڵ میدیا بڵاوکردوەتەوە.
موحەیسینی بەزیرەکی سۆشیاڵ میدیا بەکاردەهێنێت، ئەو هەوڵدەدات هەموو کۆبونەوەیەکی ئاسایی یان سەردانێکی کۆمەڵایەتی وەک پێشوازییەکی گەورەو فەرمی نیشانبدات، بۆ ئەوەی بۆ بینەرانی خۆى بسەلمێنێت کە هێشتا سهنگو کاریگەریی خۆی لەسوریای نوێدا ماوە، کەواتە، دەرکەوتنەکانی تەنها ڕەنگدانەوەی پێگەی کۆمەڵایەتیو مێژویی خۆیەتی لەناوچەکە، نەک بونی پۆستو دەسەڵات لەکابینەی فەرمیی دەسەڵاتی نوێی دیمەشقدا.