شارپرێس:
ئەحمەد جبوری ناسراو بە(ئەبو
مازن)، کەسایەتییەکی ئاسایی نییە لەگۆڕەپانی سیاسیی عێراقدا، ئەو پیاوەی لەلایەن نەیارەکانییەوە
بەسەرکردەی (مەترسیدارترین مافیا)و لەلایەن لایەنگرانیشییەوە بە(سەرکردە) وەسفدەکرێت،
بۆ چەندین ساڵ وەک "جادوگەرێک" دەردەکەوت کە دەیتوانی لەزیاتر لە 200 دۆسیەی
گەندەڵیو تۆمەتی جۆراوجۆر ڕزگاری بێت، بەڵام دواجار، زنجیرە ڕێوشوێنێکی ئاڵۆزی
حکومەت کۆتایی بەم توانایە هێناو لەکۆشکە ڕازاوەکەی خۆیدا لەناوچەی قادسیەی بەغدا
دەستگیرکرا.
سامانێکی بێشومارو تۆمەتی
بەردەوام
بهگوێرهى سەرچاوە
ناوخۆییەکان، سەروەتەکەی لانیکەم یەک ترلیۆن دینارە، لەکاتێکدا هەندێک لەنەیارانی
سامانەکەی بەدوو ملیار دۆلار دەخەمڵێنن، لەساڵی 2018دا تۆمەتبارکرا بەوەرگرتنی 30
ملیۆن دۆلار بەرامبەر پۆستە حکومییەکان، بەڵام ئەوکاتە بەتەنزەوە وتی، "ئەگەر
ئەو پارەیەم هەبوایە، عێراقم جێدەهێشت".
دەستگیرکردنەکەی دەرەنجامی
سکاڵایەکی (موسەنا سامەڕائی) بوو بەتۆمەتی هەڕەشەکردنو ناوزڕاندن، پێشتر فەرمانی
دیكهى دەستگیرکردنی بهگوێرهى مادەی 340ی یاسای سزادان لەسەر دۆسیەی گەندەڵی پڕۆژەی
ئەمنی سەڵاحەدین بۆ دەرچوبوو.
گەشتە سیاسییەکە.. لەئۆپۆزسیۆنەوە
بۆ دەسەڵات
ئەبو مازن (لەدایکبووی
1968) لەساڵی 1992 عێراقی جێهێشتو یاوەری ئۆپۆزسیۆنی دەرەوەی کرد، لەدوای 2003 گەڕایەوەو
پۆستی جۆراوجۆری وەک پارێزگاری سەڵاحەدین، وەزیرو ئەندامی پەرلەمانى وەرگرت، یەکێک
لەخاڵە سەیرەکانی ژیانی پەرلەمانی ئەوەبوو کە لەخولی پێنجەمدا تەنها لەدوو دانیشتندا
ئامادەبوو، یەکەم بۆ دەنگدان بەحکومەتو دوەمیش بۆ دەنگدان لەسەر بودجە.
پاڵپشتییە هەرێمییەکانو
دەستێوەردانەکان
سەرچاوەکان ئاماژە بەوەدەکەن،
هێزی ئەبو مازن تەنها لەناوخۆدا نەبوە؛ لەساڵی 2020دا، مهشعان جبوری ئاشکرایکرد،
ئەبو مازن لەدوو دۆسیەدا مەحکومکرابوو، بەڵام بەهۆی دەستێوەردانی قاسم سولەیمانیو
نێوەندگیریی ئەبو مەهدی موهەندیس ئازادکرابوو، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ کۆنترۆڵکردنی
ناوچە سوننەنشینەکان لەڕێگەی کەسایەتییە گەندەڵەکانەوە وەسفکرابوو.
بۆچی ئەمجارە دەستگیرکرا؟
کەوتنی ئەبو مازن لەمکاتەدا
پەیوەندیی بەدوو هۆکاری سەرەکییەوە هەیە، یهكهمیان، ههڵمهتى بهرهبهیان،
حکومەت هەڵمەتێکی توندی دژی گەندەڵی لەناوچەی سەوز دەستپێکردوە کە چەندین بەرپرسو
وەزیری پێشوی گرتوەتەوە، دوهمیش، نەمانی هاوپەیمانو نەیارەکان، ئەبو مازن لەم قۆناغەدا
بەبێ پاڵپشت مایەوە؛ چونکە زۆربەی نەیارو هاوپەیمانەکانی لەئێستادا یان دەستگیرکراون
(وەک یەزەن مهشعان جبوریو موسەنا سامەڕائی) یان لەوڵات هەڵاتون (وەک مهشعان
جبوریو ئەحمەد ئەسەدی).
دیمەنی کۆتایی ڕوداوەکان
نیشانیدەدەن، تۆڕە ئاڵۆزەکەی پەیوەندییەکانی ئەبو مازن کە ساڵانێک پارێزگاری لێدەکرد،
چیتر نەیتوانیی لەبەردەم شەپۆلی نوێی دەستگیرکردنەکاندا ڕابوەستێت.
